وەزارەتی دارایی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی گەرمیان دەركرد

:: PM:02:35:23/01/2022 ‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە كردنەوەی بنكەی گومركی تیلەكۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ئەوەیش بۆ ئەنجامدانی هەڵسوكەوتی گومرگی و پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی كانوونی دووەم، لە نووسراوێكدا كە واژووی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە مادەی پێنجی لە یاسای گومرگی ژمارە 23ی ساڵی 1984ی هەمواركراو، بڕیاری داوە بە دامەزراندنی بنكەی گومرگی بەناوی "بنكەی گومرگی تیلەكۆ" لە مەرزی تیلەكۆ، بۆ ئەنجامدانی هەڵسوكەوتی گومرگی و پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

لە نووسراوەكەدا ئاماژەی بەوەش كراوە، بنكەكە لە رووی ئیداری و داراییەوە دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی گەرمیانەوە.

ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی و ئابووری لە كاتێكدایە، لە ماوەی پێشوو چەندان جار بەهۆی بوونی گەندەڵی و نەبوونی چاودێری بەسەر سنوورەكانی ئەو ناوچە كێشە دروست بوو، چەند بەرپرسێكیش درانە دادگا.

ئێستە هەرێمی كوردستان لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی تەواوی مەزرەكاندایە بۆ ئەوەی لە پێشتردا لەلایەن چەند كەسانێكەوە بۆ بەرژەوەندیی چەند كەسێك، بەكار دەهێنران و كۆنترۆڵ دەكرێن.



وشە - رامیار جەواد