ناوه‌ندی ستراتفۆری ئه‌مه‌ریكی بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیجی و ته‌ناهی و نزیك له ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا "سی ئای ئه‌ی" له ڕاپۆرتێكدا تیشكی خستووه‌ته سه‌ر، ته‌نگژه‌ی لبنان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی هه‌ژاری و بێكاری و گه‌وره‌بوونی كێشه و ته‌نگژه‌كان، كه دواجار سه‌رده‌كێشێ بۆ شه‌پۆلێكی تری گه‌وره‌ی كۆچكردن له لبنانه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا، هاوشێوه‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ی له سووریاوه به‌ره‌و ئه‌وروپا له ده‌یه‌ی ڕابردوو ڕووی دا.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، جاران لبنان په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بوو، بۆ ئاواره سووری و فه‌له‌ستینییه‌كان، به‌ڵام ئێسته خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته خۆیشیان ڕوو له ئاواره‌یی و په‌نابه‌ری ده‌كه‌ن بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌هۆی ئه‌و ته‌نگژانه‌ی كه به‌رۆكی وڵاته‌كه‌یانی گرتووه و ترووسكاییه‌كی ئومێدیش بوونی نییه، كه بتوانرێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به تایبه‌ت دۆخی ئابووری و له‌ناوبردنی هه‌ژاری و بێكاری، كه به پله‌ی یه‌كه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر قووتی خه‌ڵك دروست كردووه.
هه‌ڵئاوسانێكی گه‌وره و داته‌پینێكی مه‌ترسیداری له ئابووری ئه‌و وڵاته بوونی هه‌یه
ئێسته له لبنان خه‌ڵكی هیچ كارێكیان ده‌ست ناكه‌وێ و نرخی خواردن و سووته‌مه‌نیش ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له به‌رزبوونه‌وه‌یه و قوتابخانه و زانكۆكان داخراون و هه‌موو بوارێكی ژیان له‌و وڵاته كه‌وتووه‌ته نێو گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌وه و ده‌رچوونیش لێی به ته‌واوی ئه‌سته‌م و مه‌حاڵه، له‌به‌ر ئه‌وه خه‌ڵكی ڕێی ده‌ریا ده‌گرنه‌به‌ر تا له لبنانه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا بپه‌ڕنه‌وه و ژیانێكی تر له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ست پێ بكه‌ن و چیتر به سكی برسی و بێكارییه‌وه، به دیار ته‌نگژه‌كانی وڵاته‌كه‌یان دانه‌نیشن، كه هیچ چاره‌سه‌رێكی نییه و ته‌نگژه سیاسییه‌كه وایكردووه كه حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات به دوای چاره‌سه‌ریش نه‌گه‌ڕێن و هه‌ر خه‌ریكی ململانێی ناوخۆیی بن.
هه‌ڵئاوسانێكی گه‌وره و داته‌پینێكی مه‌ترسیداری له ئابووری ئه‌و وڵاته بوونی هه‌یه، ئێسته خه‌ڵكی كاریشیان ده‌ست بكه‌وێ، ناتوانن خۆیان بژێنن و ده‌سته‌به‌ری پێویستییه‌كانیان بكه‌ن، چونكه نرخی لیره‌ی لبنانی به ته‌واوی داڕماوه و 30 هه‌زار لیره‌ی لبنانی له به‌رانبه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكییه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له 2019 ته‌نیا هه‌زار و 500 لیره ده‌یكرده دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی. جیا له‌وه حكوومه‌ت توانای ده‌سته‌به‌ركردنی كرێی بارهه‌ڵگره‌كانی نییه، كه نه‌وت و سوته‌مه‌نی ده‌گوێزنه‌وه بۆ وڵاته، ڕێژه‌ی هه‌ژاریش گه‌یشتووه‌ته 80%، دۆخه‌كه له سه‌روبه‌ندی ته‌قینه‌وه و كۆچی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌یه به‌ره‌و ئه‌وروپا و جێهێشتنی زێدی خۆیان، هاوكات ململانێ سیاسییه‌كانیش له نێوان حزبوڵای لبنانی كه سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێرانه، له‌گه‌ڵ ڕه‌وته‌كانی تر له به‌رده‌وامیدایه و ئه‌گه‌ری به‌یه‌كدادان له نێوان هه‌ردوولا بوونی هه‌یه، سه‌ره‌نجام وڵاته‌كه ده‌بێت به سووریایه‌كی تر و شاره‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه ده‌سڕێنه‌وه و ده‌بن به داروپه‌ردووی پاشماوه‌ی جه‌نگ.
هه‌رچه‌نده زۆر هه‌وڵ ده‌درێ، كه حكوومه‌ت قه‌رزی گه‌وره له سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام سندووقه‌كه كۆمه‌ڵێك مه‌رجی هه‌یه، له‌وانه‌یش ئارامی سیاسی و نه‌هێشتنی ململانێكان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سوته‌مه‌نی، كه وه‌ك دوو بنه‌مای داناوه، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رز به وڵاته‌كه بدات، تا بتوانێ دووباره بكه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی، به‌ڵام حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و وڵاته تا ئێسته نه‌یانتوانیوه ئه‌و دوو مه‌رجه به‌دی بهێنن، بگره له ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ند جارێك حكوومه‌ت پێكهێنراوه و هه‌ره‌سی هێناوه‌ته‌وه و دووباره پێكهێنراوه‌ته‌وه. بۆ كێشه‌ی سوته‌مه‌نیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران له ڕێی عێراقه‌وه سووته‌مه‌نی به خۆڕایی بۆ لبنان به سووریا ڕه‌وانه ده‌كات، به‌ڵام حكوومه‌ت ناتوانێ كرێی بارهه‌ڵگره‌كان بدات، تا سووته‌مه‌نی بگه‌یه‌ننه لبنان.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست "
ستراتفۆر" كه‌وتووه، ئێسته كۆچی به لێشاوی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و مامناوه‌ندی لبنان به فره‌وانی ده‌ستی پێكردووه، كه له ڕێی فرۆشتنی ماڵ و سامانه‌كانیان، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به ناوی وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌داره‌وه ڕوو له وڵاتانی ئه‌وروپا و كه‌نداو و هه‌ردوو كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكای باكور و باشوور ده‌كه‌ن، واته كۆچی شه‌رعی و فه‌رمی، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا چینی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته كه توانای له‌مجۆره‌یان نییه و له وڵاته‌كه ماونه‌ته‌وه.
به دڵنیاییه‌وه‌یش ئه‌گه‌ر دۆخی وڵاته‌كه به‌ره‌و باشبوون هه‌نگاو نه‌نێت و ئه‌و ئیفلیجییه سیاسییه‌ی كه به‌رۆكی لبنانی گرتووه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا خه‌ڵكه هه‌ژاره و به‌شمه‌ینه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌یش له ڕێی ده‌ریاوه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و ناشه‌رعی ڕوو له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن و سیناریۆی كۆچی به كۆمه‌ڵی سوورییه‌كان له 2014 و 2015 بۆ ئه‌وروپا جارێكی تر دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه ئه‌وروپا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووه‌ته گه‌ڕ، تا ڕێگری له كۆچی ناشه‌رعی بكات و به‌رده‌وام سنووره‌كانی توندوتۆڵ‌تر ده‌كات.