پەرلەمانی عێراق كەی كۆ دەبێتەوە؟

:: PM:05:28:24/01/2022 ‌

دوای ئەوەی لە 9ی ئەم مانگە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم دانیشتنی ساز كرد و تیایدا سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری كرا، دوای دەستبەكاربوونیان دانیشتنی پەرلەمانیان دوا خست و دەرگەیشیان بۆ پێشكەیشكردنی كاندیدانی سەركۆمار واڵا كرد، بەڵام لەسەر تانەی دوو پەرلەمانتار لە دانیشتنەكە، دادگای باڵای فیدراڵ بڕیاری وەستانی كاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی دا، بەڵام دانیشتنەكان كەی دەست پێ دەكەنەوە؟

دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ، دادگاكە روونی كردەوە كە بڕیارەكەی وادە دەستوورییەكان بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و سەرۆك وەزیران پەك ناخات، بۆیە ئەمڕۆ نورەدین قەبلان، راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمان دووپاتی كردەوە كە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەكەوێتە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵ لەبارەی یەكەم دانیشتن.
دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، وات گۆڕینی ئەوانەی ئێستەیە
زیاتر گوتی، دانیشتنەكانی پەرلەمان تا كاتی دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵ لەبارەی وەستاندنی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەوەی لە یەكەم دانیشتن رووی دا، پەكی خراوە، بۆیە لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ وادەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دیاری دەكرێت، پێویستیشە هەمووان رێز لەو بڕیارە بگرن.  

لای خۆیەوە هاشم حبووبی، شرۆڤەكاری سیاسی پێشبینی كرد كە دادگای باڵای فیدراڵ، كە سبەی دانیشتن بۆ تاوتوێكردنی تانەكان ساز دەكات، تەواوی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و رووداو و بڕیارەكانی ناوی هەڵنەوەشێنێتەوە، بەڵكو تەنیا ئەو بەشەی پێوەستە بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان رەت دەكاتەوە.

روونی كردەوە، دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و گۆڕینی ئەوانەی ئێستە، پێویست بە رێككەوتن و سازانی هێزە سیاسییەكان دەكات، كە ئەوەیش ئێستە نییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل