لە هەنگاوێكی مەترسیدار و ناخۆش بۆ لبنانییەكان، سەعد حەریری، سەركردەی رەوتی موستەقبەل هەڵپەساردنی كاری سیاسی لە لبنان راگەیاند، داوایشی لە حزبەكەی كرد هەمان هەنگاو بگرنە بەر، ئەو هۆكاری ئەو هەنگاوەی بۆ زاڵبوونی گیانی تایفی و دەسەڵاتی ئێران لە وڵاتەكەی گەڕاندەوە.
لە خزمەتكردنی گەلی لبنان بەردەوام دەبێت
حەریری ئەمڕۆ دووشەم لە وتارێكی لە بەیرووت دووپاتی كردەوە كە خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی لە مانگی نیسان كاندید ناكات، جیا لەوە هیچ كاندیدێكی رەوتی موستەقبەل بۆ هەڵبژاردنەكە ناكرێت، ئەو هۆكاری ئەو هەنگاوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە هیچ هەلێكی ئەرێنی بۆ لبنان لەئارادا نییە، لە سایەی دەسەڵاتی ئێران و دابەشبوونی نیشتمانی و زاڵبوونی گیانی تایفەیی و كۆنی و لێكهەڵوەشانی دەوڵەت.
حەریری دووپاتی كردەوە كە لە خزمەتكردنی گەلی لبنان بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕیاری داوە رۆڵی خۆی و حزبەكەی لە دەسەڵات و سیاسەت و پەرلەمان لە لبنان هەڵ دەواسێت.
ئەو بڕیارەی حەریری دوای زنجیرەیەك تەنگژەی سەخت و شكستی دارایی و ئابووری و سیاسی لبنان لە ماوەی ساڵانی دوایی هات، كە ژیانی ئەو وڵاتەی بەتەواوەتی پەك خست و زۆرینەی خەڵكەكەی لە هیڵی هەژاری نزیك كردووەتەوە.