ئەنەكەسە داوای چارەسەركردنی بوونی هەزاران گیراوی داعش دەكات

:: PM:08:06:24/01/2022 ‌

دوای هێرشەكەی ئێوارەی پێنجشەمی رابردووی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەكە و دروستبوونی شەڕ و پێكدادان لەگەڵ ئاسایش و پاسەوانانی گرتووخانەكە، كە ژمارەیەك قوربانی لێ كەوتەوە و تا ئێستەیش ئاڵۆزییەكان بەردەوامن، ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لەو بارەوە بەیاننامەیەكی دەركرد.

وەك لە بەشێكی بەیاننامەكەی ئەنەكەسەدا هاتووە، پێنجشەمی رابردوو كۆمەڵێك لە شانە نوستووەكانی داعش بە بۆمبی چێنراو هێرشیان كردە سەر دەوروبەری گرتووخانەی گەڕەكی غویران لە شاری حەسەكە، كە هەزاران ئەندامی گیراوی داعشی تیادایە، دوای ئەوە لە گەڕەكەكانی دەوروبەری هێرشیان كردە سەر گرتووخانەكە و بەو هۆیەیشەوە ژمارەیەك پاسەوان و بەرگریكار و ئەندامانی هەسەدە و هاووڵاتییان شەهید بوون.  
داوا لە هەسەدە دەكەین سنوورێك بۆ گەندەڵی و تاكڕەوی لە دەسەڵات و بڕیارە چارەنووسسازەكان دابنێن
جیا لەوە هەواڵەكانی باسی هەڵاتنی كۆمەڵێك لە گیراوانی داعش دەكەن، ئەوەیش مەترسیی گەورە بۆ سەر دانیشتوان و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دروست دەكات، هێزەكانی هاوپەیمانان و هەسەدە راوەدووی هەڵاتووان دەنێن، هێرشەكە لە كاتێكدایە كە هێرش و چالاكی داعش لەهەردوولای سنوورەكانی عێراق و سووریا زیادی كردووە و گوندە ئارامەكان و هێزی پێشمەرگەیش دەكەنە ئامانج.

بەیاننامەكە روونی كردەوە كە لەو كاتەی سەركۆنەی ئەو هێرشەی داعش و ئەوەیشی لەپشتی دەوەستێتەوە دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە كە ئەوەی دۆخی نەهامەتی خەڵكی حەسەكەی زیاتر كردووە، دۆخی بژێوی و خزمەتگوزاری خراپە، بۆیە پێویستە بۆ سووككردنی نەهامەتییەكانیان پێداویستیان بۆ دابین بكرێت.

بەیاننامەكەی ئەنەكەسە روونی كردەوە، داوا لە سەركردایەتی هەسەدە دەكەین كار بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و تاكڕەوی بە دەسەڵات و بڕیارە چارەنووسسازەكان بۆ گەلەكەمان بكەن، جگە لە كۆتاهێنان بە پێشێلكاریی گرووپەكانی سەر بە پەیەدە بەناو جیاجیاكانیان، كە ئازادییەكان و كاری سیاسی و یەكهەڵوێستی كوردی دەكەنە ئامانج، لەپاڵ هەوڵی شكستهێنان بەهەر هەوڵێك بەو ئاراستەیە.  

ئەنەكەسە داوایشی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كە بەرپرسیارەتی خۆیان لەئەستۆ بگرن و كار بۆ پاراستنی ناوچەكە و بەهێزكردنی سەقامگیرییەكەی بكەن لە رێگەی دامەزراندنی ئیدارەیەكی هاوبەش لە هەموو پێكهاتەكان و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ كێشەی بوونی هەزاران گیراوی داعش لەو ناوچانە، بە دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو وەك لابردنیان و ناچاركردنی حكوومەتەكانیان بۆ وەرگرتنەوەیان و دادگاییكردنیان و مسۆگەری نەگەڕانەوەیان، وێڕای لەناوبردنی حەشارگەكانیان و وشككردنی سەرچاوەی داهاتیان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل