مەحموود عوسمان: گرنگە حكوومەتی نوێی عێراق چارەسەری كێشەكان بكات

:: PM:08:21:24/01/2022 ‌

سیاسەتوانێكی دیاری كورد رای دەگەیەنێت كە ئێران دەستوەردانی لە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق هەیە و ئێستە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لایەنە شیعەكان یەك بخات و حكوومەت پێك بهێنرێت، هاوكات چاوی لە گفتوگۆكانی ڤیەننایە لەگەڵ ئەمەریكادا.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی كانوونی دووەم، د. مەحموود عوسمان، سیاسەتوانی دیاری كورد بە "وشە"ی راگەیاند، پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەمیشە بەو جۆرەیە دوا كەوتووە، چونكە پێوەستە بە رێككەوتنی لایەنەكان و لە ناویشیاندا لایەنە شیعەكان، دواجار هەر پێك دێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو حكوومەتە تا چەند لەسەر خواستی هاووڵاتییان و خزمەتكردنی گەلی عێراق دەبێت و كێشەی عێراق چارەسەر دەكات.
ئێران بەردەوام دەستوەردانی لە كاروباری عێراق كردووە و ئەوەی بۆی گرنگە گفتوگۆی ڤیەننایە
هەروەها گوتی، لەدوای پێكهێنانی حكوومەتیش، كۆمەڵێك دەبنە دژی حكوومەت، لەناویاندا لایەنە شیعەكان، هەرچەندە زوو پێك بێت باشترە و پەرلەمانیش بكەوێتە كاری خۆی، عوسمان روونی كردەوە، ئێران بەردەوام دەستوەردانی لە كاروباری عێراق كردووە و ئێستەیش بەهەمان شێوە، ئێستە ئێران ئەوەی بۆی گرنگ بێ رێككەوتنی ڤیەننایە لەگەڵ ئەمەریكا كە بگەن بە رێككەوتن.

"ئێران كار بۆ یەكخستنی شیعەكان دەكات، ئەگەر رێككەوتنی ڤیەنا بە دڵی ئێران بێ لە عێراقیش كاری خۆی دەكات، ئەگەر رێككەوتنی ڤیەنا بە دڵی ئێران نەبوو بە جۆرێكی تر لە عێراق كار دەكات، بەڵام ئێران دواجار دەستبەرداری عێراق نابێت و هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە بە دڵی ئەو بەڕێوە بچێت و گرنگی پێ دەدات، بۆیە پێوەندی بەردەوامی هەیە و ناوە ناوە كۆبوونەوە لەگەڵیاندا دەكات"، مەحموود عوسمان وای گوت.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرا و دوای سێ مانگ پەرلەمانی نوێ كۆبووەوە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێدرا، ئێستەیش ماوەتە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و گفتوگۆ بەردەوامە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل