شەش تیرۆریستی داعش لە باكوری بەغدا كوژران

:: PM:11:21:24/01/2022 ‌

هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزییە سیاسییەكانی عێراق بەهۆی رێكنەكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و بە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆكان، دۆخی تەناهی عێراق ئاڵۆزی پێوە دیارە، لە ماوەی چەند مانگی دوایی جموجۆڵەكانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق دەستی پێ كردووەتەوە، ئەمڕۆ لە ناوچەی تارمییە لە باكوری بەغدا شەش چەكداری داعش كوژران.
شانەی راگەیاندنی تەناهی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانییەوە، بە سەرپەرشتی و چاودێری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق چەند كورزێكیان لە شانەیەكی تیرۆریستی لە باخچەی عوگەیلی لە ناوچەی تابی لە شارۆكەی تارمییە لە باكوری بەغدا وەشاند.
هەڵمەتێكی چڕ لە دژی داعش دەستی پێ كردووە
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بەهۆی بۆردمانەكەوە شەش تیرۆریست كوژران، هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهی دووپاتی كردەوە كە كۆپتەرەكانی سوپای عێراق بە دوو قۆناغ پێگە و حەشارگەكانی داعشیان لە ناوچەكە بۆردمان كردووە.

شارۆكەی تارمییە لە دووری 50 كیلۆمەتر لە باكوری بەغدای پایەتەخت، ناوچەیەكی گەرمە لە رووی رووداوە تەناهییەكان و بە بەردەوام لەو ناوچەیە هێرش دەكرێتە سەر هێزە تەناهییەكان و سوپای عێراق، كە ناوچەیەكی سوننەنشینە و چەندان جار ئۆپراسیۆنی سەربازی تیادا ئەنجام دراوە وەك ئەوەی لە 14ی ئابی 2021 ئەنجام درا لە دوای چەند هێرشێكی داعش لە ناوچەكە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل