پەكەكە بۆ تێكدانی كوردستان چووەتە پاڵ یەكێتی

:: AM:09:56:25/01/2022 ‌
بۆ دژایەتیكردنی پارتی و دروستكردنی ئاژاوە لە هەرێمی كوردستان، پەكەكە چووەتە پاڵ یەكێتی و ڕاگەیاندن و هەڵمەتێكی ناشیرینی دەست پێ‌ كردووە، بۆ ئەوەی هانی میدیای یەكێتی بدات دژی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بوەستنەوە.

چەكدارانی پەكەكە لە ڕێی میدیاكانیانەوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەیش لە دژایەتیكردنی پارتی و كاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئامانجیشیان لەو كارە دروستكردنی كێشەیە و لەو چەند ڕۆژەش ئەو هەڵمەتە بە لێدوانی بەرپرسانی نزیك لە یەكێتی بەفراوانی ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، رزگار عەلی چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو هەڵمەتە ناشیرینەی پەكەكە دەستی پێ‌ كردووە ململانێ‌ نییە، بەڵكو كردنەوەی ئاگری ململانێیەكی ناشەریفانەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە شوێنی خەباتی پەكەكە باكوری كوردستانە، ئێستە بۆچی لە ململانێی ناو دوو حزب پاڵپشتی لایەنێك دەكات.

باسی لەوەش كرد، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كۆمەڵێك چەكدار بوونەتە هۆكاری تێكدانی ژیانی هەزاران كەس، ئێستە بۆ بابەتێكی سیاسی لە نێوان دوو حزب، خۆیان خستووەتە پاڵ حزبێك، كەچی دەیان حزبی تر لە كوردستان هەن و مۆڵەتی كاری حزبییان هەیە، خۆیان بێ‌ لایەن گرتووە.

ئەو هەڵمەتەی پەكەكە لە كاتێكدایە گومانەكان لەسەر ئەو چەكدارانە، بووەتە ڕاستییەك كە ئەوانە بۆ لایەنێكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئامانجیشیان تێكدانی دۆخی تەناهی هەرێمی كوردستانە.

لە ماوەی ڕابردووشدا ئەو چەكدارانە هەوڵیان دا چەند كەسێك بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاندید بكەن لەژێر ناوی سەربەخۆخواز، بەلڵام سەرجەم كاندیدەكانیان شكستیان هێنا و نەگەیشتنە پەرلەمان، بۆیە ئێستە دەیانەوێ بۆ تێكدانی كوردستان ڕێی تر بگرنەبەر.


وشە - رامیار جەواد