گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سەرۆكی حكوومەت بەردەوام پاڵپشتی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕاگەیاندن بووە، بەڵام پێویستە میدیا و ڕاگەیاندنیش لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستاندا كار بكەن.
ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام پاڵپشتی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕاگەیاندن بووە، بەڵام پێویستە میدیا و ڕاگەیاندنیش لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستاندا كار بكەن.
گوتەبێژی حكوومەت گوتی، بێگومان مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام پاڵپشتی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕاگەیاندن بووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و لەو سۆنگەیەوە بەردەوام هاوكاری میدیاكاران بووین و ویستوومانە زانیاریی تەواو و دروست لەڕێی میدیاكانەوە بە ڕای گشتی بگات.
باسی لەوەش كرد، بۆ بەهێزكردنی میدیا لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، كارمان لەسەر سێ ئامانج كردووە كە بریتین لە پاراستنی گیانی پێشمەرگە قارەمانەكان لە سەنگەرەكاندا، چونكە جاری وا بووە ڕووماڵی میدیایی بووەتە هۆی ئەوەی زانیاری بدرێتە دوژمن و سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەنە ئامانج. دووەم پاراستنی میدیاكارەكان لە كاتی ڕووماڵكردندا كە چەند میدیاكارێك لە پێناو گواستنەوەی ڕاستییەكان بۆ رای گشتی شەهید بوون. سێیەم ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە سەرچاوەی دروستی زانیاری بۆ سەرجەم ڕای گشتی و ئاژانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، وەك خۆی بگوازینەوە.
گوتەبێژی حكوومەت ڕای گەیاند، وەك حكوومەت دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین، بۆ ئەو هەنگاوە گەورانەی كە ناویانە و هیوادارین هەموو هێزی پێشمەرگە پابەندی ڕێكارەكان و ئەو پڕۆژەیە بن. داوای لە هاوپەیمانانیش كرد زیاتر پشتیوانیی ئەم پڕۆژەیە بكەن بۆ گواستنەوەی ئەو راستییانەی كە پێویستە بۆ خەڵك بگوازرێتەوە.