پرسەدانان لە مزگەوتەكان بووە یەك رۆژ

:: PM:01:11:25/01/2022 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رای گەیاند، ڕێ دەدرێت بە دانانەوەی پرسە لە مزگەوتەكان و كاتی پرسەش بۆ یەك ڕۆژ كەم كراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، نەبەز ئیسماعیل گوتەبیژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆمەڵێك مەرج و ڕێنوێنی دانراوە، هاووڵاتییان بە پابەندبوون بەو مەرجانە دەتوانن پرسە دابنێن.

زیاتر گوتی بەپێی ڕێنوێنییەكان، پرسە لە هۆڵی مزگەوتەكان یەك ڕۆژ دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە دەست پێ دەكات، هەروەها دەنگی خوێندنی قورئان كز دەكرێت و لە پرسەدا تەنیا قورئان دەخوێنرێت و نابێ گوتار هەبێ.

باسی لەوەش كرد، دەنگی قورئانی ناو پرسەی پیاوان بۆ هۆڵی ژنان دەگوازرێتەوە، قورئانخوێنی ئافرەت قەدەغە كراوە، پێدانی پارەش بە قورئانخوێن لە نێوان 50 بۆ 75 هەزار دینار دەبێت.

بەگوتەی نەبەز، بۆ ئەوەی ڕووداوی هاتوچۆ نەبێ و ئەرك نەخرێتە سەر خەڵك، پرسەی نێوان شارەكان، لە ڕێی تەلەفۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پرسە لە یەكتر بكرێ، هەروەها دەبێ لە پرسەدانان ڕەچاوی  ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان و بەستنی دەمامك بكرێ.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوو ساڵ پێش ئێستە دانانی پرسە لە مزگەوتەكان قەدەغە كرا.



وشە - رامیار جەواد