نوێترین توێژینەوەی زانستی، کە لە ئێرلاند ئەنجام دراوە، سەرجەم ئەو
توێژینەوە و راپۆرتانەی پێشوو رەت دەکاتەوە، کە پێیان وابوو خواردنی پەنیر
تەندروست نییە و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی رێژەی کۆلیستڕۆڵ لە خوێنی مرۆڤدا.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕان لە زانکۆی دبلن ئەنجام دراوە، تێیدا
دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رۆژانە و بەردەوام لە ژەمەکانیاندا، جۆرە جیاجیاکانی پەنیر
دەخۆن، تەندروستییان باشترە، بەراورد بەوانەی نایخۆن و خۆیانی لێ دوور دەگرن.
بۆ ئەم توێژینەوەیە هەزار و 500 کەس بە نموونەی لێتوێژراو وەرگیراون، کە
تەمەنیان لەنێوان 18 تا 90 ساڵ بووە، لە ئەنجامدا
دەرکەوتووە لە نێوانیاندا ئەو کەسانەیان کە زۆرتر پەنیر و بەرهەمە شیرییە
جیاجیاکانی تر بەکار دەهێنن، رێژەی چەوری لە خوێنیاندا کەمتر و گونجاوترە و کەمتر
رووبەڕووی بەرزبووونەوەی فشاری خوێن دەبنەوە.
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بووەتە هۆی رەتکردنەوە و بە هەڵەخستنەوەی
سەرجەم ئەو توێژینەوانەی پێشوو کە پێیان وابوو، پەنیر و بەرهەمە شیرییەکان دەبنە
هۆی بەرزکردنەوەی رێژەی کۆلیستڕۆڵی خوێن.
دکتۆر ئێما ڤینی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە و رای دەگەیەنێت، بەو ئەنجامە
گەیشتوون، کە زۆرینەی رێژەی ئەو چەورییەی لە جەستەی ئەو کەسانەی زۆرتر پەنیر دەخۆندا
هەیە، بریتییە لە چەوریی تێرکەرە، کە ئەم چەورییەش نەک هەر زیانبەخش نییە، بەڵکو
سوودیشی بۆ جەستە هەیە و کەمبوونی زیاندارە.
سەرچاوە/ سکای نیوز