سەدر: ئێمە نزیكین حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بهێنین

:: PM:02:40:25/01/2022 ‌
موقتەدا سەدر، دوای پەسندكردنی یەكەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، ئێمە نزیكین حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بهێنین.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دوەوەم، موقتەدا سەدر لە تویتێكی دوای پەسندكردنی یەكەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. لە تویتێكی ڕای گەیاند، جارێكی تر دادگای عێراقی پاكی و سەربەخۆیی خۆی سەلماند كە ناچێتە ژێر باری فشارە سیاسییەكان، بۆیە سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ دادگای عێراقی كە بەم هەڵوێستانە وڵات بنیات دەنرێت.

سەدر باسی لەوەش كردووە، ئێمە نزیكین حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بهێنین، دەرگاشمان كراوەیە بۆ ئەوانەی كە هێشتا جێی متمانەی ئێمەن.

سەدر لە تویتەكەی بە ناڕاستەوخۆ پەیامێك بەهێزە شیعەكان دەدات و دەڵێت، ئێمە هەموومان براین، جا ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسۆن یان بەشداری ناكەن، مادام بۆ چاكسازی هەوڵ دەدەن و بۆ شكۆی عێراق كار دەكەن، بۆیە نەخێر بۆ پاشكۆیی و نەخێر بۆ توندوتیژی و پێشێلكردنی یاسا، سڵاو لە خەڵكی ئاشتیخواز.

دوای دانیشتنەكەی 19ی كانوونی دووەم، دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر دەستووری و نادەستووری یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم 25ی كانوونی یەكەم، بڕیار وابوو كە جارێكی تر دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو پرسە دەست پێ بكاتەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوەیش لەوبارەیەوە بدرێ.



وشە - رامیار جەواد