سێیەم ژەمی ڤاكسین پێویستە؟.. فایزەر وەڵام دەداتەوە

:: PM:06:53:25/01/2022 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەوەی تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە و تووشبوون لە دنیا لە هەڵكشانە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی هەردوو تیرەی دەلتا و ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسەكە، كۆمپانیاكانی دەرمان لەوانەی ڤاكسینیان بەرهەم هێناوە، سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەن ئاخۆ ڤاكسینەكانیان تا چەند كاریگەری لەسەر ئەو تیرە نوێیانە هەیە.
دوو كۆمپانیاكە سەرقاڵی تاقیكردنەوەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی تایبەتن بە ئۆمیكرۆن
دوور لەوەی خەڵكێكی زۆر بۆیان هەڵ نەكەوتووە یان نایانەوێ ڤاكسین وەربگرن، شارەزایانی پزیشكی باسی پێویستی وەرگرتنی سێیەم ژەمی ڤاكسین لەلایەن ئەوانەی دوو ژەمیان وەرگرتووە دەكەن، بەتایبەتی بۆ هەندێك توێژ و تەمەن، كۆمپانیای فایزەر رای گەیاند كە ژەمی سێیەم دەتوانێت رووبەڕووی تیرەی ئۆمیكرۆن، كە دوایین تیرەی ڤایرۆسەكەیە، بۆ ماوەی چوار مانگ ببێتەوە. 

بەپێی توێژینەوەیەكی هاوبەشی هەردوو كۆمپانیای فایزەری ئەمەریكی و بیونتیكی ئەڵمانی، وەرگرتنی سێ ژەمی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا ئەوەندە دژەتەن بەرهەم دێنن كە بتوانن رووبەڕووی ئۆمیكرۆن ببنەوە، ئەو ڤاكسینانەی ئێستە هەن، دەریان خستووە كە دەتوانن بۆ ماوەی چوار مانگ لە دوای سێیەم ژەم، ڤایرۆسەكە لەناو ببەن. 

هاوكات دوو كۆمپانیاكە ئەوەیشیان راگەیاند كە سەرقاڵی تاقیكردنەوەی كلینیكین بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی نوێ و تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ئۆمیكرۆن، بە هاوشێوەی ئەوەی ئێستە هەیانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل