وێڕای تێپەڕبوونی هەرێم بە تەنگژە و دۆخی سەختی ئابووری و تەندروستی، كابینەی نۆی حكوومەت بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، گەورەتر و فراوانتر بیر دەكاتەوە، لە سۆنگەیەكی دەوڵەت و نەتەوەوە هەنگاو دەنێت و خەمی هەموو بوارەكانیەتی لەوانەیش كولتووری و رۆشنبیری، بۆیە بە گرنگی زانی بودجەیەكی تایبەت بۆ بواری وەرگێڕانی كتێبە گرنگەكانی نووسەرانی كورد بۆ سەر زمانە زیندووەكانی جیهان تەرخان بكات.
پەرلەمانتار و نووسەر و وەرگێڕان ئەم هەنگاوەیان بە گەورە ناو برد كە بڕیارێكی پێویست و لەجێگای خۆیدا بوو، لەو ناوەدا موحسین دۆسكی ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە"ی گوت، ئەم بڕیارە ئێجگار گەورە و مەزنە، وەك لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لێ دەكەین و سوپاسی حكوومەت دەكەین، بڕیاریشە ئەم جۆرە پڕۆژانە بەردەوامی هەبێت.
پڕۆژەكە سوودی بۆ گەلی كورد و مێژوو و دۆزە رەواكەی هەیە
زیاتر گوتی، ئەمە داوای لەمێژینەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و زۆرێك لە نووسەران بوو، پێیان باش بوو حكوومەتی هەرێم ئەم پڕۆژەیە رابگەیەنێ و سوود بە كورد و مێژووی كورد و دۆزی رەوای گەلەكەمان بگات، چونكە تا ئێستە پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبی كوردی بۆ سەر زمانە جیهانییەكان نەبووە، بەڵام خۆشبەختانە لەم كابینەیەدا جێبەجێ كرا.
ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە كە بەپێی بڕیارەكە هەر نووسەر و دەزگایەكی كتێب، هەر پێشنیازێكی هەیە دەربارەی هەر كتێبێك دەتوانێت بیداتە وەزارەتی رۆشنبیری، ئەوانیش بەمەرج و لە چوارچێوەی خزمەت بە مێژوو و ئەدەب و جوگرافیا و كولتووری كوردیدا بڕیاری لەسەر دەدەن و پەسەند دەكرێت كە بۆ چ زمانێك وەربگێڕدرێت.
لەوبارەوە حامید گەوهەری نووسەر و وەرگێڕ و خاوەنی 49 بەرهەم، لەبارەی ئەم بڕیارەی حكوومەت بە "وشە" دەڵێت، بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران بۆ وەرگێڕانی كتێب زۆر گرنگە، ئەمە پێی دەگوترێت نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی.
روونی كردەوە، حكوومەت دەیەوێ لە رێگەی ئەم بڕیارە و وەرگێڕانی ئەم كتێبانەوە بۆ زمانە زیندووەكانی دنیا كورد بە رای گشتی دنیا بناسێنێت و ئەو مافە پێشێلكراو و ستەمانەی لە گەلی كورد كراون، ئاشكرا بكرێن.
شایەنی باسە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بواری فەرهەنگ و وەرگێڕانی كتێبە كوردییەكان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم رەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی بڕی 522 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبی كوردی بۆ زمانە زیندووەكانی دنیا، كە یەكەم جارە لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە بكەوێتە واری جێبەجێكردن.
شارەزوور/ ئاسان محەمەد