سەرۆك بارزانی و موقتەدا سەدر دۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ دەكەن

:: PM:09:31:25/01/2022 ‌

لەو كاتەی تەواوی دۆخی سیاسی و تەناهی عێراق شڵەژاوە و ململانێ سیاسییەكان رەنگدانەوەی گەورەیان لەسەر دۆخی تەناهی و ئابووری عێراق داناوە، هەموو چاوەكان خراونەتە سەر هەولێر و نەجەف بۆ راستكردنەوەی ئەو دۆخە لارەی عێراق، بە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و دوور لە گەندەڵی باڵادەستیی میلیشیاكان، ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی و موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.
دووپات لە لەیەكنزیكبوونەوەی پێكهاتەكان و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی عێراق كرایەوە
وەك لە هەواڵێكی بارەگای بارزانیدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 25ی كانوونی دووەمی 2022، سەرۆك مەسعوود بارزانی و موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر لە ڕێی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكان ئەنجام دا.

هەر لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا دووپات لە پێویستیی هاوئاهەنگی و لەیەكنزیكبوونەوەی پێكهاتەكان، بە مەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی عێراق كرایەوە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ سێشەم دادگای باڵای فیدرالی عێراق بڕیاری لابردنی وەستانی كاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەوەیش رێگە واڵا بوو بۆ دەست پێ كردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و دیاریكردنی سەركۆماری نوێ، كە لە پشكی كوردە و دەبێت تا 8ی مانگی شوبات یەكلا بكرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل