بەرپرسێكی تەناهی فڕۆكەخانەی بەغدا دیار نامێنێت

:: PM:11:43:25/01/2022 ‌

هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزیی سیاسی و تەناهییەكانی عێراق و ئەو دەمارگیرییەی لای میلیشیا و هێزە تەناهییەكانی عێراق بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە دروست بووە، سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە سەرۆكی هۆبەی تەناهی لە فڕۆكەخانەی بەغدا لە دوێنێوە دیار نەماوە. 

سەرچاوەكە روونی كردەوە كە كەسوكاری ئەو بەرپرسە تەناهییە كە ناوی حوسێن عەلییە و بەرپرسی هۆبەی تەناهییە لە فڕۆكەخانەكە، لای پۆلیس سكاڵایان كردووە بە ونبوونی لە دوێنێ دووشەمەوە و تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە، پۆلیسیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ زانینی ئاخۆ رفێنراوە یان نا، لەو كاتەی ئەو كەسێكی مەدەنییە نەوەك سەربازی.

لەو كاتەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەهۆی بوونی ناكۆكی گەورە لە نێوان هێزە شیعەكانەوە بە سستی بەڕێوە دەچێت، ئەو دۆخە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی تەناهی و لاوازیی دەسەڵاتی هێزە تەناهییەكان بەگشتی دروست كردووە، لەوانەیش فڕۆكەخانەی بەغدا كە بە پێی راپۆرتەكانی هەواڵ زیاتر لەلایەن میلیشیاكانەوە كۆنترۆلی دۆخی تەناهی كراوە، ئەوە جیا لەوەی لە ماوەی دوایی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە رێگەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان زیادی كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل