بڕیارە سبەی چوار شاعیری ژن لە هەولێر و لە كۆڕێكدا، دەیان پارچە شیعر پێشكەش بكەن. بە گوتەی ڕەخنەگرێكیش شیعری ئازاد ئێستە چەكی دەستی ژنانە.
بەپێی بانگێشتنامەیەكی یەكێتی نووسەرانی كورد لقی هەولێر كە بۆ "وشە" هاتووە، سبەی كۆڕێكی شیعری بۆ چوار شاعیرە بەناوەكانی "كۆسرەت ئەحمەد، سەروین دەروێش، هاوژین حەسەن و نەورەس" ئەنجام دەدرێ.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی كانوونی دووەم، دكتۆر ڕزگار فەقێ شارەزا و ڕەخنەگری ئەدەبی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژنان ئێستە لە مەیدانی شیعردا بەشیعری ئازاد لە مەیدانن كە چەكێكی دەستیانە بۆ بەرگری لە مافەكانیان.
زیاتر گوتی، شیعری ئازاد ئەو دەرگایەیە كە ژنان دەتوانن خەمەكانیانی تێدا پێناسە بكەن، بۆیە بوونی شاعیری ژن لە شیعری ئازاددا كۆپلەكانی شیعر گەشاوەتر دەكات، بەڵام بەمەرجی بەرجەستەبوونێكی ژنانە لەناو شیعرەكان.
بەهۆی ئەو ئازادییەی كاری ژن لە هەرێمی كوردستاندا بەردەستە بووە، ئێستە ژنان لە سەرجەم بوارەكان ئەسپی خۆیان تاو داوە و كەسانی گرنگی ناو كۆڕەكانن.