هێزێكی زۆری ئەمەریكا لە سنووری ئۆكرانیا دڵەڕاوێكیی لەلای رووسیا دروست كردووە

:: AM:09:50:26/01/2022 ‌
دوای ئەوەی هێزە سەربازییەكانی رووسیا لە سنوورەكانی ئۆكرانیا كۆ بوونەتەوە و پێشبینی لە داگیركردنی ئەو وڵاتە لەلایەن رووسیاوە دەكرێ، ئەمەریكا و ئەوروپا دژی هەڕەشەكانی رووسیان و لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئۆكرانیا، هەڕەشەی سزای توندی رووسیا دەكەن. ئێستەیش بوونی هێزێكی زۆری ئەمەریكا لە سنووری ئۆكرانیا، دڵەڕاوێكیی لەلای رووسیا دروست كردووە

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 26ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، كرملین نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خۆی ئاشكرا كردووە بەوەی هێزێكی هەشت هەزار و 500 سەربازی ئەمەریكا، لە سنووری ئۆكرانیا جێگیر كراون. رووسیایش دەڵێ بوونی ئەو هێزەی ئەمەریكا تەنگژەكە قووڵتر دەكاتەوە.

دیمێتری بیسكۆڤ گوتەبێژ بەناوی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی هێزێكی هەشت هەزار و 500 سەربازی لە سنووری ئۆكرانیا جێگیر كردووە، ئەوەش دۆخەكە و تەنگژەكە قووڵتر دەكاتەوە، بۆیە رووسیا بۆ ئەو پرسە لە دڵەڕاوكێدایە.

ئەوەشی گوتووە كە وێڕای قووڵتركردنەوەی تەنگژەكە، بەڵام كاریگەریی نەكردووەتە سەر هەنگاوە دیپلۆماسییەكان كە ئێستە بەڕێوە دەچن.

ئەوە لەكاتێكدایە دوو رۆژە ئەمەریكا هەشت هەزار و 500 سەربازی خۆی لە سنووری ئۆكرانیا جێگیر كردووە، دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێك گومان دەكرێ هێرشی رووسیا بۆ ئەو وڵاتە نزیك بووبێتەوە، بۆیە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپایش هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا دەكەن ئەگەر هێرشەكەی ئەنجام بدات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د