لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 808 ئەفسەر خانەنشین كران، ئەمەیش دەبێتە دەرفەتێك بۆ هاتنە پێشی ئەفسەرانی گەنج و ئەكادیمی.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وزارەتی پێشمەرگە، لەژێر رۆشنایی یاسای هەمواركراوی خانەنشینی پێشمەرگە و رێنوێنی و رێكارە نوێیەكانی خانەنشینی، ژمارەیەك ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگە خانەنشین كران.
لیوا روكن هۆشمەند جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئیدارە و میرە رای گەیاند، بە دەرچوونی فەرمانی ژمارە 808 ئەنجوومەنی وەزیران، 808 ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین كران.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بە خانەنشینبوونی ئەو ئەفسەرانە، دەبێتە دەرفەتێك بۆ هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێك ئەفسەری گەنج و وزەیەكی نوێ دەداتەوە بە هێزەكانی پێشمەرگە.
چاكسازییەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوامە، لە ماوەی ڕابردوودا دوو یەكەی سەر بەهێزی 70 و 80 خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.