گووگڵ یادی 79 ساڵەی لەدایكبوونی سوعاد حوسنی دەكاتەوە

:: AM:11:05:26/01/2022 ‌
سوعاد حوسنی كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری دنیای سینەمای عەرەبی بوو و لە 2001دا كۆچی دوایی كرد. ئەمڕۆ گووگڵ یادی 79 ساڵەی لەدایكبوونی ئەو خاتوونە دەكاتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 26ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، سوعاد حوسنی كە لە دنیای نواندنی عەرەبیدا بە "سەندرێلا" دەناسرایەوە، ئەمڕۆ گووگڵ یادی لەدایكبوونی ئەو خاتوونە دەكاتەوە كە لە 26ی كانوونی دووەمی 1943 لە میسر لە دایك بووە. لە ساڵی 2001دا لە تەمەنی 58 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە تا ئێستەیش جۆری مردنەكەی قسەوباسێكی زۆری لە ناوەندە هونەرییەكە دروست كردووە. گومان دەكرێ كوژرابێ یان خۆی كوشتبێت.

سوعاد حوسنی لە تەمەنی 16 ساڵییەوە خۆی لە دنیای سینەمادا بینییەوە كە لە فیلمی "حسن و نعیمە" بەشداری كردووە و بەوەیش ناوبانگی دەكرد. بەدوایدا بەشداریی لە فلیمەكانی "اشاعە حب"، "مفیش تفاهم"، "السبع بنات" و "شباب مجنون جدا" كردووە.

جیا لەو فیلمانە، بەشداریی لە چەندان فیلمی تری ناودار لە سینەمای عەرەبی و میسریدا كردووە وەك "القاهرە 30"، بئر الحرمان"، " غروب و شروق"، خلی بالك من زوزو" و "اهل القمە". هاوكات دوا فیلم كە ئەو خاتوونە بەشداری تێدا كرد، فیلمی "الراعی والنسا" بوو كە هونەرمەندان یوسرا و ئەحمەد زەكی بەشدارییان تێدا كردبوو.

دواتریش گووگڵ نووسیویەتی، سوعاد حوستی لە 21ی مانگی تەمووزی 2001 لە لەندەن لە تەمەنی 58 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. لەوكاتەوە تا ئێستە قسەوباسی زۆر لەبارەی جۆری مردنەكەی دەكرێت بەوەی لە شوقەكەی خۆیەوە كەوتووەتە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە، هەندێك دەڵین كوژراوە، هەندێكیشی دەڵێن خۆی كوشتووە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان، مردن و رووداوێكی ئاسایی بووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د