دادگا: لە باشماخ قاچاخچێتی دەكرێ‌

:: PM:02:15:26/01/2022 ‌
دادگای پێنجوێن ڕای دەگەیەنێت، قاچاخچێتی لە دەروازەی باشماخ دەكرێ‌ و ئەو بەڵگانەی پەرلەمانتارێكی كوردستان لەسەر ئەو شوێنە پێشكەشی كردووە، ڕاستن.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی كانوونی دووەم، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لە دادگای پێنجوێن دۆسیەی قاچاخی باشماخم بردەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ‌، بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی باشماخ سكاڵایان لەسەرمان تۆمار كردبوو، گوایە لەسەر دۆسیەی قاچاخی زانیاریی ناڕاستمان بڵاو كردووەتەوە، ئەو دۆسیەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێك پێش ئێستە.

باسی لەوەش كردووە، لە بەردەم دادوەر ئامادە بووین و بەڵگەی پێویستمان خستەڕوو، ڤیدیۆ و وێنەی 38 بارهەڵگرمان خستەڕوو كە ژمارەی بارهەڵگرەكان دەرچووبوون، دوای ئەوەی لە سیستمی گومرگی لێكۆڵینەوە كرا، 36 بارهەڵگریان گومرگیان نەداوە، واتا بە "قاچاخ" هاتوونەتە ژوورەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات، لە دوای ساڵێك، دادوەر گوتەكانی ئێمەی بەڕاست زانی و ڕایان گەیاند، بەڵگەی پێویست خرایەڕوو لەسەر بوونی دیارەی "قاچاخ"، ئێستە لە ڕێی داواكاری گشتی و بە بەڵگەی یاسایی، ئەوانەی قاچاخچێتی و پشتیان دەدرێنە دادگا.

سەلماندنی ئەو بەڵگانە لە كاتێكدایە، پێشتر چەند بەرپرسێك لە سنووری گەرمیان و پێنجوێن، سكاڵایان لەسەر تۆمار كرا كە تێوەگلابوون لە كاری قاچاخچێتی.



وشە - رامیار جەواد