موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدا

:: PM:08:00:26/01/2022 ‌

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی یەكلابوونەوەی پۆستی سەركۆماری عێراق، كە دەبێت راستەوخۆ دوای ئەوە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانەوە دیاری بكرێت، جیا لەو ئاڵۆزیانەی دوای بڕیارەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵ بە شەرعیەتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەواڵەكان باس لە گەیشتنی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا دەكەن.

هەر دوێنێ راپۆرتەكانی هەواڵ باسی گەیشتنی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیان بۆ عێراق كرد، بۆ هەوڵێكی تری لێك نزیككردنەوەی هێزە شیعەكان، واتە سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە هەواڵەكان باسی ئەوە دەكەن كە كۆبوونەوەیەكی تری سەدر و سەرانی چوارچێوە بەر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەئارادەیە بۆ رێككەوتن، بەتایبەتی كاتێك زانیارییەكان باسی ئەوەیان كرد قائانی داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كردووە بە مەرجەكانی سەدر رازی بن، بەڵام بە چەند مەرجێكی تر، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئێستە گفتوگۆ لەسەر ئەو مەرجانە بكرێت.
پێشبینی دەكرێ گفتوگۆ لەسەر مەرجەكانی بەشداریكردنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە حكوومەت بكرێت
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەی كرد كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم موقتەدا سەدر لە نەجەفەوە گەیشتووەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

ئەو سەردانەی سەدر دوای چەند سەعاتێك لە دەرچوونی بەیاننامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دێت كە تیایدا وریاییان لە پەراوێزخستنی چوارچێوەكە لە پێكهێنانی حكوومەت دا، ئەوان ئاماژەیان كرد كە ئەو بابەتە وا دەكات ئەوان ببن بە ئۆپۆزسیۆن یان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن.

سەردانەكەی سەدر هاوكاتیشە لەگەڵ گەرمبوونی گفتوگۆكانی دیاریكردنی سەركۆماری عێراق كە پشكی كوردە و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان شاندیان لە بەغدایە بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی لە پەرلەمان بۆ كاندیدانیان، چونكە تا ئێستە بە دوو كاندیدی جیاواز بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان دەكەن، جیا لە بوونی ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆ.

جیا لەوە دوێنێ دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ بە رەتكردنەوەی تانەی دوو پەرلەمانتار لە دانیشتنی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هێرشی مووشەكی كرایە سەر نووسینگەیەكی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و هاوپەیمانی سەدر لە پارێزگای ئەنبار.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل