ئۆلیڤەر کان بەڕێوەبەری جێبه‌جێكاری یانەی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی ئاشکرای کرد گرنگترین پێشینه‌ی كاره‌كانی داهاتوویان، نوێکردنەوەی گرێبەستی چه‌ند ئەستێرەیه‌كی یانهكهیە.
ئۆلیڤەر کان لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 26ی كانوونی دووه‌م گوتی: " مانوێل نۆیه‌ر، رۆبێرت لێڤاندۆڤسك و تۆماس مولەر، له ئه‌ستێره گه‌وره‌كانی یانه‌كه‌ن، هەموویان لە سەرکەوتنه‌كانی دەیەی رابردووی یانه‌كه به‌شدارن، هەروەها له‌و سەرکەوتنانەی ئێسته‌ش به‌ده‌ستی ده‌هێنین، به‌شدارن".
گوتیشی: "ئاشکرایە گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو ئەو یاریزانانە دەبێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بۆچوون و داواکارییەکانیان بکەین، بێگومان ئەمە كاری له پێشینه‌ی ئێمه‌یه له ماوه‌ی داهاتوودا".
ئۆلیڤەر کان گۆڵپارێز و كاپتنی پێشووی بایرن میونشن، پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامبوونی مانوێل نۆیه‌ر له یانه‌كه‌ی ده‌ربڕی تا ته‌مه‌نی 40 ساڵی، كه ئێسته نۆیه‌ر تەمەنی 35 ساڵه.
نۆیه‌ر گرێبەستی ئێسته‌ی له‌گه‌ڵ میونشن تا ساڵی 2023 واژوو كراوه، بە پێی راپۆرتەکان هه‌واڵه‌كان، پێده‌چێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانه‌كه بۆ ماوەی دوو ساڵی تریش درێژ بکاتەوە.
ئۆلیڤەر کان هه‌روه‌ها رای گه‌یاند، هێرشبەری پۆڵەندی رۆبێرت لێڤاندۆڤسكی وه‌ك "دیاردە"ـیەکه بۆ بایرن میونشن و گۆڵه‌كانیشی بۆ یانه‌كه وه‌ك "دڵنیایی و بیمه"ـیه.
کان، کە ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له شوێنی کارل هاینز رۆمێنیگێ بووه به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری بایرن میونشن، رەتی کردەوە پێشبینی بکات ئەستێرەی بۆروسیا دۆرتمۆند ئێرلینگ هالاند، شوێنی لێڤاندۆڤسكی له بایرن میونشن بگرێته‌وه و هیچ شتێكی له‌م باره‌یه‌وه نه‌دركاند.