وادەی گریمانكراوی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ئاشكرا دەبێت

:: PM:10:04:26/01/2022 ‌

دوور لە پێشبینییەكان بە بوون یان نەبوونی ئەگەری هەڵكوتانی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیای هاوسنووری، لە هەردوولای سنوورەكان هێزی زۆری رووسی و هاوپەیمانی ناتۆ و ئۆكرانی كۆ كراونەتەوە ئامادەسازی بۆ جەنگێكی راستەقینە هەیە، هەوڵەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی ناتۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی رووسیا بە رێگەی دیپلۆماسی بەردەوامە، هاوكات بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا پێشبینی وادەی گریمانكراوەی هەر هێرشێكی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەكات.

ویندی شیرمان، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی پێی وایە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ئۆكرانیا تا ناوەڕاستی مانگی شوباتی داهاتوودا، ئەوە سەرەڕای گوشارەكانی سەری بۆ رێگرتن لە هەر هێرشێك.
بلینكن: ئەمەریكا وەڵامی نووسراوی داوەتە رووسیا لەبارەی مسۆگەرییە تەناهییەكان
شیرمان لە میانەی كۆڕبەندێك رای گەیاند كە نازانم ئاخۆ رووسیا بڕیاری كۆتایی لەو بارەوە وەرگرتبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە وای دەبینین كە هەموو ئاماژەكان بە ئاراستەیەن كە رووسیا كاتێك لە كاتەكاندا هێزی سەربازی بەكاردێنێت، لە نێوان ئێستە تا ناوەڕاستی مانگی شوباتی داهاتوودا.   
لای خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە تاوتوێی سەپاندنی سزای راستەوخۆ بەسەر ڤلادیمێر پوتین، هاوتا رووسییەكەی دەكات ئەگەر ئۆكرانیا داگیر بكات، لەسەر ئاستی نزیكیش رەنگە بەشێك لەو 8500 سەربازە ئەمەریكییەی ئامادەن جووڵەیان پێ بكرێت.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە وڵاتەكەی وەڵامی نووسراوی داوەتە رووسیا لەبارەی داواكارییەكانی بۆ پێدانی مسۆگەریی تەناهی، ئەوەیش لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی رێگرتن لە دروستبوونی پەرەسەندنی سەربازی لە دژی ئۆكرانیا، زیاتر گوتی، وەڵامەكە رێڕەوە دیپلۆماسییەكانی بە رژدی دیاری كردووە ئەگەر رووسیا ئەوەی بوێت، كە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و كردەنیمان بۆ مەترسییەكانی رووسیا كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل