"نەشیاوە یەكێتی پۆستی سەركۆمار بە هی خۆی بزانێ و یەكڕیزی كوردی لەپێناو تێك بدات"

:: AM:12:20:27/01/2022 ‌

لە عێراقی نوێی دوای 2003 و بەپێی نەریتێكی سیاسی، پۆستە باڵاكان بەسەر هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی دابەش كران، پۆستی سەركۆماری عێراق بەر كورد كەوتووە، تا ئێستەیش ئەو پۆستە لەلایەن سەركردەكانی یەكێتییەوە بەڕێوە براوە، بەڵام وەك چاودێرانی كورد و خەڵكی ئاساییش دركی پێ دەكەن ئەو پۆستە وەك پێویست سوودی بۆ بەرژەوەندی كورد و هەرێمی كوردستان لێ وەرنەگیراوە، هاوكات بۆ وەرگرتنەوەی یەكێتی خەریكە تەبایی و یەكڕیزیی كورد تێك دەدات.

پەرلەمانتار و مامۆستایانی زانكۆ ئاماژە بەوە دەكەن كە پۆستی سەركۆمار مافی هەموو گەلی كوردە، واتە نابێ تەنیا حیزبێك بۆخۆی قۆرخی بكات و بە موڵكی خۆی بزانێت، دەبێت كۆدەنگی هەموو لایەنەكانی لەسەر بێت و پۆستەكە سوود بە دۆزی رەوای گەلەكەمان بگەیەنێت و شەڕی خاك و ماف و دەستوور و قووتی خەڵكی كوردستان بكات، نەك تەنیا لە خزمەت حزبێك یان كەسێكدا بێت.
دەبێت كاندیدێك بۆ پۆستەكە دیاری بكرێت كە رەزامەندی و پاڵپشتی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت
وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی گوت، گومانی تێدا نییە پۆستی سەركۆمار مافی گەلی كوردستانە و تەنیا موڵكی لایەنێكی سیاسی  یان كەسێكی دیاریكراو نییە، لەسەر ئەم بنەمایەیش دەبێت كاندیدێك بۆ پۆستەكە دیاری بكرێت كە رەزامەندی و پاڵپشتی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت، كە پێشووتریش بەم شێوازە پۆستەكە یەكلا كراوەتەوە، تا سالی 2018 ئەم بنەمایە لەلایەن یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانەوە تێك درا، كاتێك لە دەرەوەی رەزامەندیی گەلی كوردستانەوە پۆستەكەیان وەك ئیستحقاقێكی حزبی بۆخۆیان یەكلا كردەوە، بەمەیش درزێكی گەورە لەناو ماڵی كورد دروست بوو.

زیاتر گوتی، بێگومان یەكێتی بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخەی لەسەر شانە، چونكە پێویست بوو وردتر و نیشتیمانیتر هەڵسوكەوتی كردبایە و بە دڵنیاییەوە بەرپرسیاریەتی ئەو لێكترازانەی هاتووەتە ئاراوە لە ئەستۆی ئەواندایە.

"ئەگەر بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت، دەبێت ویستی زۆرینەی  خەڵكی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە پۆستی سەركۆماری عێراق بۆ ئەم خولە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، چونكە ئەزموونی رابردوو دەری خست لەوەتەی پۆستی سەركۆمار لای یەكێتی بووە، هیچ سوودێكی بۆ كورد نەبووە، تەنیا بۆ سوود و بەرژەوەندییەكانی خۆیان بووە"، وەیسی سەعید وای گوت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، خەڵكی كوردستان یەكێتیان لە بەغدا تاقی كردەوە، بۆیە ئەم جارە با نۆرەی پارتی بێ ئاخۆ بزانین چی دەكات، بەدڵنیاییەوە ئەزموونی كاركردنی سیاسی پارتی سەلماندوویەتی كە هەمیشە پەرۆشی ئەوەیە خزمەتی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی بكات، هەر بۆ ئەمەیشە دەیەوێت ئەمجارە پۆستی سەركۆماری لا بێت تا بە كردار نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان لە بەغدا بكات.

لای خۆیەوە د. عومەر رەنگێنەیی مامۆستای زانكۆی سلێمانی لەمبارەیەوە بە"وشە"ی ڕاگەیاند، پێم وایە لە هەموو شت گرنگتر دەستەبەربوونی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی گەلی كوردە بە مادەی 140یشەوە، بۆیە زۆر گرنگە هێزە كوردستانییەكان زیاتر لە خەمی خاك و خەڵكی كوردستاندا بن تا پۆست و پلە.

روونی كردەوە، سەبارەت بە پۆستی سەركۆمار وا باشتر بوو هەردوو حیزبی باڵادەست لەباتی ململانێی قورس لە هەوڵی ئەودا بوونایە كەسێكی یاسایی شیاو بەو پۆستە دیاری بكەن، بە مەرجی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خاك و خەڵكی كوردستان هەموو پشتیووانی لێ بكەن. 

"سەبارەت بەوەی كە ئەو پۆستە چەندان ساڵە لای یەكێتییە، پێم وایە هەموو پۆستەكانی بەغدا هێندەی بۆ بەرژەوەندی كەسی و حیزبی بەكار هاتوون، بۆ بەرژەوەندی گشتی سوودیان نەبووە و نەخراونەتە خزمەتی كوردەو، بۆیە ئەوەی ئێستە یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بۆچوونێكی نا لۆجیكی و نا دەستووری ناڕەوا و دوورە لە واقیعەوە، دەشێ ئەوان كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەبێت، بەڵام ئەوەی نەشیاوە ئەوان پۆستەكە بە مافی خۆیان بزانن و یەكڕیزی خەڵكی كوردستانی لەپێناو تێك بدەن"، د. عومەر رەنگێنەیی وای گوت.

یەكێتی چەندان ساڵە پۆستی سەركۆماری عێراقی لا بووە و ئەو پۆستە بە موڵكی خۆی دەزانێت، بۆیە خەریكە بێباكانە یەكڕیزی و تەبایی ناوماڵی كورد دەكاتە قوربانی ئەو پۆستە و رێگە نادات پۆستەكە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن پڕ بكرێتەوە و كەسێكی شیاو و شایستە بە كۆی دەنگی كورد دابنرێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل