دكتۆر سابیر ئیسماعیل سیاسه‌تمه‌دار و ئه‌ندامی پێشووی جڤاتی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له چاوپێكه‌وتنێكی ''وشه''دا تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت و پێی وایه، مه‌سعوود بارزانی خه‌باتكارێكی كۆنه و له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا رێزی لێ ده‌گیرێت و سه‌ركرده عێراقییه‌كان به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌كه‌ن. ده‌شڵێت، سه‌رۆك كۆمار پۆستێكی ئاسایی و گرنگ نییه و پارتی ده‌توانێ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كورد، گه‌وره‌یی بنوێنێت.
چ خوێندنه‌وه‌یه‌كت بۆ پرسی سه‌رۆك كۆمار و رێگریكردن له به‌شداری نووری مالیكی له حكوومه‌ت هه‌یه؟
ئێسته دۆخێكی خراپ به‌هۆی سه‌رۆك كۆمار هاتووه‌ته ئاراوه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی بنبه‌ست، له ده‌ستوور نه‌هاتووه سه‌رۆك كۆمار كورد بێت و سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ شیعه و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی بۆ سوننه بێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌ك بوو كرا، ئه‌وه‌ی سه‌در داوای ده‌كات شتێكی راسته، به‌ڵام چونكه دیموكراتییه‌كی راسته‌قینه نییه، ئه‌گه‌ر لایه‌نی مالیكی له حكوومه‌ت به‌شداری نه‌كه‌ن، فه‌رامۆش ده‌كرێن، یان ده‌بێ شه‌ڕ بكه‌ن یان لاواز ده‌بن، حزبی ناچهكدار هه‌میشه به‌و جۆره بووه و لاواز كراوه، نموونه‌ی گۆڕان له كوردستان، چونكه حزبێكی مه‌ده‌نی بوو خێرا سڕایه‌وه.
ئایا ئاساییه سه‌رۆك كۆمار هه‌ر بۆ یه‌كێتی بێ؟
پۆستی سه‌رۆك كۆمار بووه‌ته نه‌ریتێك كه ده‌بێت بۆ كورد بێ نه‌ك یه‌كێتی، به‌ڵام هۆكاری ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كێتی داوای ده‌كات، كاتی خۆی مام جه‌لال رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعوود كرد به‌ناوی رێككه‌وتنی ستراتیجی، مام جه‌لال خۆی ده‌گه‌ڕا و داوای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ كاك مه‌سعوود ده‌كرد تا ببێته سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام یه‌كێتی تا ئێسته‌ش له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌ڕوات، یه‌كێتی كه گۆڕانی لێ جیا بووه‌وه و زۆربه‌ی كورسییه‌كانی له ده‌ست دا، پارتی به‌شداری حكوومه‌تی پێ كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی هێنده‌ی پارتی كورسی هه‌بێت و وه‌ك پارتیش پۆست و وه‌زیری هه‌بوو، پارتی مافی خۆیه‌تی له رووی یاساوه كه له هه‌ڵبژاردن كورسی زۆری هێناوه، پۆست و پله به‌ڕێوه ببات، به‌ڵام هه‌ردووكیان كه حزبی هاوپه‌یمان بوون و رێككه‌وتن هه‌بووه له نێوانیان و حزبی شۆڕشگێڕ بوون و كوردایه‌تییان كردووه، ده‌بێ پارتی حیساب بۆ یه‌كێتیش بكات.
ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی رێككه‌وتن توانیان به هه‌ر جۆرێك بێت 220 په‌رله‌مانتار ببه‌نه ژووره‌وه، هۆشیار زێباری ده‌رده‌چێت
چۆن كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته یه‌كلا ده‌كرێته‌وه؟
پێم وایه پۆستی سه‌رۆك كۆماری كێشه‌ی زۆری بۆ دروست بكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر جه‌ماعه‌تی مالیكی بۆ خۆیان نه‌چنه ناو په‌رله‌مان و به‌وانه‌ش كه له ده‌ره‌وه‌ی پارتی و حه‌لبووسی و سه‌درن، بڵێت نه‌چنه ژووره‌وه و نیساب ته‌واو نه‌كرێ، له‌و كاته‌دا به چه‌ند جارێك دوا ده‌خرێت و له كۆتادا سه‌رۆك كۆمار یه‌كلا نابێته‌وه و حكوومه‌ت نایه‌ته هه‌ڵبژاردن، ئه‌وكات بابه‌ته‌كه ده‌چێته به‌ره‌ی بایكۆت و به‌شداری له په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی رێككه‌وتن توانیان به هه‌ر جۆرێك بێت 220 په‌رله‌مانتار ببه‌نه ژووره‌وه، هۆشیار زێباری ده‌رده‌چێت، چونكه هه‌ر خۆیان 180 ده‌نگیان مسۆگه‌ره.
پۆستی سه‌رۆك كۆمار تا چه‌ند پۆستێكی گرنگه له رووی ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌وه؟
سه‌رۆك كۆمار پۆستێكه هیچی پێ ناكرێت، سه‌رۆك كۆمار شتێكی ئاساییه و نه‌ده‌بوو كاتی خۆیشی كورد ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، مام جه‌لال و فوئاد مه‌عسوم و به‌رهه‌م ساڵح چه‌ند ساڵه سه‌رۆك كۆمار بوون و له به‌غدان، كاتی خۆی سه‌دام به مه‌رسوومێك مه‌خمووری خسته سه‌ر مووسڵ، به‌ڵام خێره ئه‌وان نه‌یانتوانی مه‌رسوومێك ده‌ربكه‌ن و بیكه‌نه‌وه سه‌ر هه‌ولێر، پارتی مافی خۆیه‌تی به دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگه‌ڕێت، به‌ڵام ناكرێ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردیش له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، چونكه ده‌وڵه‌ت نین و له مه‌ترسیداین، پارتی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای كوردایه‌تی، پۆستی سه‌رۆك كۆمار بداته یه‌كێتی، به‌ڵام ناكرێ یه‌كێتی خۆی به‌رپرسیاریه‌تیی باش و خراپی ئه‌و سه‌رۆك كۆماره بگرێته ئه‌ستۆ، پارتی هیچ به‌رپرسیاریه‌تی نه‌گرێته ئه‌ستۆ.
بۆچی یه‌كێتی جگه له به‌رهه‌م ساڵح كه‌سی تر دانانێ بۆ ئه‌و پۆسته؟
یه‌كێتی بۆیه واز له به‌رهه‌م ساڵح ناهێنێت، چونكه فشاری زۆری له‌سه‌ره له ناو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و له ناو یه‌كێتیش كه‌سێك نییه بۆ ئه‌و پۆسته شیاو بێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێ بابه‌تی تر كه پێوه‌ستن به یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه، له پێناو كورد به یه‌ك كاندید بچنه به‌غدا.
هۆكاری چییه مه‌سعوود بارزانی كلیلی چاره‌سه‌ر و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانه و سه‌ركرده عێراقییه‌كان هه‌موویان سه‌ردانی ده‌كه‌ن؟
كاك مه‌سعوود پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆنه و خه‌باتگێڕ و سه‌ركرده‌یه‌كی كۆنه و سیاسییه‌كی كۆن و به‌ته‌مه‌نه، به‌هۆی ته‌مه‌نه‌كه‌ی له ناو سیاسه‌تدا و زۆریی گفتوگۆ و دانوستانه‌كان رێزی خۆی هه‌یه، به‌غداش به‌رده‌وام بۆ لای كاك مه‌سعوود دێن، به‌ڵام نابێ بڕواش به به‌غدا بكه‌ین، سه‌در له‌و سه‌ركردانه‌یه كه كاتی خۆی داوای نه‌هێشتنی پێشمه‌رگه‌ی كردووه و به میلیشیا ناوی هێناوه، دواجار هه‌مووان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد كار بكه‌ن، سه‌در و حه‌لبووسی پێویستیان به كورده و به‌رده‌وام دێنه هه‌ولێر.
سلێمانی\ هۆشیار عه‌لی