یه‌كێتى، گۆڕان و یه‌كگرتوو پڕۆژه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌ده‌ن به‌ به‌غدا


پڕۆژه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانى به‌غدایه‌ بۆ گفتوگۆكردن كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ نوێنه‌رانى كورده‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ و باس له‌ مامه‌ڵه‌كردنى ڕاسته‌وخۆى پارێزگاكانى عێراق و هه‌رێم ده‌كات له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ مه‌ترسى ده‌زانرێت و ده‌گوترێ ئه‌گه‌ر سه‌ر بگرێت، واتاى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌.

به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مووچه‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، به‌شێك له‌ نوێنه‌رانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق پڕۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردنى پارێزگاكانى هه‌رێم و عێراق به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى به‌غدا، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.یاساناسان ڕای ده‌گه‌یه‌نن، پارێِزگاكان به‌ ته‌نیا ناتوانن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن و هه‌رچى داهاتى هه‌رێمه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ى حكوومه‌ت و به‌ناوى داهاتى هه‌رێمه‌وه‌ بچێته‌وه‌ به‌غدا.

موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌"وشه‌"ـى ڕاگه‌یاند، پڕۆژه‌كه‌ جۆرێك چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم. ئه‌وه‌شی گوت، "له‌ حاڵه‌تێكدا كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم به‌رپرسیارێتى بژێوى خه‌ڵك هه‌ڵناگرێت، ده‌بێت ئێمه‌ى نوێنه‌رانى كورد بیر له‌ دۆخى خراپى خه‌ڵك بكه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌غدا".

پڕۆژه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ به‌ جۆرێكه‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك بڕى داهاتى خۆى ڕه‌وانه‌ى ناوه‌ند بكات و حكوومه‌تى ناوه‌ند به‌ جیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر پارێزگایه‌ك بكات و بڕى بودجه‌ى پێویستیان بۆ بنێرێت.

جه‌میل هه‌ورامى سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خه‌بات بۆ رزگاربوون له‌ ده‌ستی عێراق ته‌رخان كردووه‌، ڕه‌تى كرده‌وه‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێم له‌پێناو مووچه‌كانیان مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌رێم دروست بكه‌ن.
هه‌ورامى به‌"وشه‌"ـى گوت، "له‌ كۆندا و تا ئێسته‌ش پێشمه‌رگه‌ به‌ گیان مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌رێم دوور خستووه‌ته‌وه‌، ئێسته‌ له‌پێناو مووچه‌دا ئاماده‌ى دروستكردنى مه‌ترسى نییه‌ له‌سه‌ر كوردستان هه‌رچه‌نده‌ مووچه‌ و بژێوى ژیانیش مافى ڕه‌واى هه‌ر كه‌سێكه‌."
"ناكرێت به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێت ڕێگه‌ بۆ به‌غدا چۆڵ بكرێت به‌ ئاره‌زووى خۆى یاریى به‌ سه‌روه‌رى و سه‌قامگیرى هه‌رێمى كوردستان بكات" هه‌ورامی وای گوت.

پێشتر زیاد له‌ جارێك باس له‌ فیدراڵیى پارێزگاكانى عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ كراوه‌، له‌ كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا جه‌لال تاڵه‌بانی واژوویشی كرد، به‌ڵام دواتر ره‌ت كرایه‌وه‌ و له‌ ده‌ستووردا كوردستان وه‌ك هه‌رێم جێگیر كرا. ئه‌م جاره‌یان ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانى كورده‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ و پشتگیرى لێ ده‌كرێت.

شێركۆ مه‌نگوڕى په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پڕۆژه‌كه‌ "هێنده‌ش مه‌ترسیدار نییه‌" وه‌ك ئه‌وه‌ى باس ده‌كرێت. مه‌نگوڕى به‌"وشه‌"ـى راگه‌یاند "ده‌كرێت تا چاره‌سه‌رى بارودۆخى دارایى هه‌رێم سوود له‌ به‌غدا وه‌ربگیرێت بۆ سووككردنى ئه‌و ته‌نگژه‌ى له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌".

به‌پێى زانیارییه‌كانى به‌رده‌ست "وشه‌"، هه‌ریه‌كه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتى، گۆڕان و یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق پشتگیرى جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن و له‌ هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ى پشتگیرین تا بتوانن پڕۆژه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ په‌سندكردن.
به‌ڵام یاساناسان ته‌واوى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن به‌ جێبه‌جێكردنى، "هه‌رێم هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌". 

د. عومه‌ر نووره‌دینى یاساناس و په‌رله‌مانتارى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان، ڕای گه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت، مه‌ترسیی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌بێت.
ئه‌و یاساناسه‌ به‌"وشه‌"ـى گوت، "به‌‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی ئێسته‌ هه‌یه‌، ناردنی بودجه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌‌لایه‌ن پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ به‌غدا پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و ده‌بێت ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ‌و به‌ ‌ناوی داهاتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بێت."


وشە - تایبه‌ت


AM:09:35:18/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 5687 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌