وەرزشوانان و هاندەران هێرشكردنە سەر نەشمیل محەمەد پەیامنێری كوردستان تیڤی ئیدانە دەكەن

:: PM:01:08:18/03/2017 ‌

پێنجشەمی رابردوو لە كاتی رووماڵكردنی یارییەكی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان، نەشمیل محەمەد پەیامنێری كوردستان تیڤی دەكەوێتە بەر پەلاماری پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان و بەهۆی پاڵپێوەنانەوە سەری بەر ستوونێكی ئاسن دەكەوێت و بێهۆش دەبێت.

ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ شاری سلێمانی له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یاری نێوان هه‌ردوو یانه‌ی نه‌ورۆزو شێروانه‌ له‌ قۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕینی خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ تۆپی پێ كه‌ تیمی كوردستان تیڤی ڕوماڵی یارییه‌كه‌ی ده‌كرد، له‌ كۆتایی یارییه‌كه‌دا به‌هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوی، په‌یامنێری وه‌رزشیی كوردستان تیڤی، نه‌شمیل محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌دنییه‌كان و له‌ ئه‌نجامی پاڵپێوه‌نانی، به‌ر زه‌وی كه‌وت و سه‌ری به‌ توندی به‌ ستونێكی ئاسن كه‌وت و له‌ ئه‌نجامدا بریندار بوو و له‌ هۆش خۆی چوو و و بەو هۆیەوە تا ئێستاش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی له‌ ژێر چاودێری وردی پزیشكی دایه‌ .

لوقمان خۆشناو بەڕێوەبەری كارگێڕی كوردستان تیڤی تایبەت بۆ (وشە) رایگەیاند: دۆخی تەندروستی نەشمیل ئێستا بەرەو باشتربوون و جێگیربوون دەچێت و بڕیاریشە لەسەر ئەركی نووسینگەی تایبەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری لەنزیكترین وادەدا رەوانەی دەرەوەی وڵاتی بكرێ.

ناصح كەریم كە یەكێكە لە هەوادارانی وەرزشی لە شاری هەولێر و بەوردیش چاودێری یارییەكانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان دەكات، لەبارەی رووداوەكە گوتی: ئیدانەی سەرجەم توندوتژییەكان بەرامبەر پەیامنێرانی وەرزشی و بەتایبەتیش سەبارەت بە نەشمیل محەمەدی پەیامنێری كوردستان تیڤی دەكەین، داواش لە هێزەكانی چالاكی مەدەنی و پۆلیس دەكەین چیتر بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان نەكەن بەتایبەتیش لەنێو یاریگە وەرزشییەكاندا، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ناشرینكردنی كوردستانەكەمان بەرووی دەرەوەدا.

سیروان محەمەد یاریزانێكی پێشووی تۆپی پێی كوردستانە و ئێستاش لە زۆربەی یارییەكانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان لەنێو یاریگە ئامادە دەبێت، لەبارەی رووداوەكە گوتی: رووداوەكەی نەشمیل نوێترین سەرشۆڕی دامودەزگاكانی تەناهی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەتایبەتیش دەزگا تەناهییەكانی شاری سلێمانی كە وەك دوژمن هەڵسوكەوت لەگەڵ هاووڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن.

هەڤاڵ محەمەد كە رۆژنامەنووسێكی بواری وەرزشییە لە شاری دهۆك ئیدانەی ئەو رووداوە و هێرشكردنە سەر نەشمیل محەمەدی رۆژنامەوانی كرد و هیوای خواست چیتر رۆژنامەنووسان و پەمانێرانی وەرزشی نەكەونە بەر چەنگی دەزگاكانی ئەمنی و هێزەكانی چاڵاكییە مەدەنییەكان.

ئاری پاڵەوان كە راهێنەرە لە هۆڵێكی لەشجوانی لە شاری هەولێر ئەویش بەهەمانشێوە ئیدانەی رووداوەكەی كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ نەشمیل خواستن و داواشی كرد كە دەزگاكانی پۆلیس و چالاكییە مەدەنییەكان لەمەودوا بەرپرسیارانەتر هەڵسوكەوت بكەن و هیواشی خواست بەزووترین كات كەمتەرخەمان و ئەو كەسانەی كە بوونە هۆی روودانی ئەم رووداوە بە سزای خۆیان بگەن.

لای خۆیشییەوە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) رایگەیاند كە هیوای سەلامەتی و زوو چاكبوونەوە بۆ نەشمیل دەخوازێ و بۆ ئەوەی بە خێرایی بگەڕێتەوە سەر كارەكەی خۆی.

جەختیشی كردبووەوە كە شتێك بەو بكرێت ئامادەیە و وەك یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان درێغی ناكات.

لای خۆشییەوە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كوردستان تیڤی له‌ باره‌ی په‌لاماردانی په‌یامنێری وه‌رزشیی كوردستان تیڤی نه‌شمیل محه‌مه‌د له‌ شاری سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و وێڕای هیواخوازی بۆ هه‌رچی زووتر باشبوونه‌وه‌ی نه‌شمیل محه‌مه‌د، داواش له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد له‌ بارودۆخی وه‌هادا ره‌چاوی ئه‌رك و كاری رۆژنامه‌نووسان بكه‌ن و سه‌لامه‌تییان بپارێزن .

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌ : به‌داخه‌وه‌ كاتژمێر چواری ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 16ی ئاداری 2017 له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كی تۆپی پێ له‌ یاریگای زانكۆی شاری سلێمانی، په‌یامنێرمان نه‌شمیل محه‌مه‌د كه‌ له‌ ئه‌ركی ڕووماڵكردنی یارییه‌كه‌دا بوو، به‌هۆی پاڵپێوه‌نان و فشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌وێ سه‌ری به‌ ستونێكی ئاسن ده‌كه‌وێت و به‌ر زه‌ویش ده‌كه‌وێت و تووشی بێهۆشبوون ده‌بێت و بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ده‌كرێت.

ئێمه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كوردستان تیڤی هیوای هه‌رچی زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ په‌یامنێرمان نه‌شمیل محه‌مه‌د ده‌خوازین ، له‌ هه‌مان كاتدا داوا له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ بارودۆخی وه‌هادا ره‌چاوی ئه‌رك و كار و ژیانی رۆژنامه‌نووسان بكرێت و به‌رپرسیاریه‌تیی سه‌لامه‌تییان له‌ ئه‌ستۆ بگرن .






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م