پشووی جەژنی نەورۆز درێژ دەكرێتەوە

:: PM:07:42:18/03/2017 ‌
پشووی جەژنی نەورۆز لە كەركووك درێژ دەكرێتەوە و كارگێڕی كەركووك ڕۆژێك و بەڕێوەبەری خوێندنی كوردیش رۆژێكی تر دەدەنە دەم جەژنەكەوە.

شێرزاد ڕەشید كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، ئەمڕۆ 18ی ئاداری 2017 بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "لەبەرئەوەی ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆز، كە لە هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیەنراوە، فەرمانگەكانی كەركووك ناگرێتەوە و تەنیا 21 ی ئادار پشووە، پارێزگاری كەركووك ڕۆژی دووشەم 20ی ئاداریشی كردە پشوو لەسەرجەم فەرمانگەكانی پارێزگاكە. جا بەهۆی ئەوەی رۆِژانی پێنجشەم لە قوتابخانەكانی سەر بە خوێندنی كوردی لە كەركوووك دەوام نییە، بە باشمان زانی ڕۆژی چوارشەم 22ی ئاداریش بدەینە دەم پشووەكانی جەژنی نەورۆز".

زیاتر گوتی، "ڕۆژی نەورۆز بەهۆی سەقاڵی خەڵَك بە گەشت و سەیرانەوە و نەبادا مامۆستایان لە ِرۆژی دواتردا تاقیكردنەوە بۆ قوتابیان دابنێن، رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و پارێزگای كەركووك رۆژی چوارشەمیشمان كردە پشوو، ئەم پشووەش تەنیا قوتابخانەكانی سەر بە خوێندنی كوردی دەگرێتەوە".

بە پێی ئەم خشتەیەش بێت ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆز لە كەركووك بۆ سێ ڕۆژ درێژكرایەوە، پێنجشەم و هەینی و شەموو كە رۆژانی (23, 24, 25) هەر پشووە، بەیەك دەگەیەنرێن و كۆی پشووەكان دەبێتە شەش ڕۆژی لەدوای یەك.

كەركووك/نەبەز ڕۆستەم
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل