ئەوانەی دەچن بۆ سەیران نایلۆنە"ڕەشەكەتان" بیر نەچێت

:: PM:07:44:18/03/2017 ‌
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان وەك ساڵانی پێشوو، هەڵمەتێكی دەست پێ كردووە بۆ پاكڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەكان و ژینگەی هەرێمی كوردستان بە گشتی.

نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك ساڵانی پێشوو ڕێنوێنیی تایبەتمان هەیە بۆ گەشتیاران و ئەوانەی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان دەكەن بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزرای هەرێمی كوردستان دەڵێت، داواكارم وەك ئەركێكی نیشتمانی هەڵمەتی پاكڕاگرتنی سروشت و ژینگەی سەیرانگەكان  بكەن بە ئەركێكی نیشتمانی و لە كارەكانی رۆژانە هاووڵاتییان گرنگی پێ بدەن، هەڵمەتی هۆشیاریی هاووڵاتییان بۆ پاراستنی نیشتمان بەرپا بكەن و هەموو ئەو كەسانە شەرمەزار بكەن كە سروشت پیس دەكەن و وێرانی دەكەن.

ڕۆستایی دەڵێت، ئێمە لە سەرجەم بازگە و شوێنە گەشتیارییەكان نایلۆنی ڕەش دابەش دەكەین بەسەر هاووڵاتییان و داواكارین لە بیری نەكەن كە پاشماوەكانیان بكەنە ناو ئەو نایلۆنانە و لە شوێنی تایبەت دابینمان كردووە فڕێی بدەن، یان بیهێننەوە لە حاویەی ماڵەكانیان فڕێی بدەن.

ساڵانە دەستی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، هەڵمەتی دابەشكردنی پڕۆشە و ڕێنوێنی بەسەر هاووڵاتییان بەڕێوە دەبات بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە، نایلۆنێكیش بە هەر خێزانێك دەدات تا پاشماوەكانیان بخە ناوی و شوێنەكە و سروشتەكە تێك نەدەن.


وشە - رامیار جەواد