پرسى كۆتاهاتنى داعش و مامه‌ڵه‌ى كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، بابه‌تێكه سه‌ره‌ڕای بێ ده‌نگیی به‌غدا، ناكرێت كورد لێی بێ ده‌نگ بێت، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له پێنجه‌مین دیداری سلێمانیدا رای گه‌یاند كه كورد ترسناكترین ئاسته‌نگ بۆ قۆناغی دوای داعش له به‌سه‌ربازیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و زاڵبوونی بیری سه‌ربازی به‌سه‌ر سیاسه‌تی عێراق ده‌بینێت. چاودێرانی هۆشداری ده‌ده‌ن به كوردستان تا ئاماده بێت بۆ قۆناغی داهاتوو.
فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له پانێڵێكی پێنجه‌مین دیداری سلێمانیدا راى گه‌یاند، پێویستیمان به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسیی تازه هه‌یه له عێراقدا و پێویستمان به ئابوورییه‌كی ئازاد هه‌یه، به‌ڵام كورد ترسناكترین ئاسته‌نگ له به سه‌ربازیكردنی كۆمه‌ڵگه و به سه‌ربازیكردنی سیاسه‌تی عێراق ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌زانین له دواى كۆتاهاتنى داعش، بۆیه پێویسته بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه به سه‌ربازی بكرێت، دوای ته‌واوبوونی داعش چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگه سه‌ربازییه‌دا بكه‌ین.
شاخه‌وان ده‌لۆ ئه‌ندامى لیژنه‌ی ئاسایشی و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق، به"وشه"ی راگه‌یاند، عێراق و هێزه میلیشیاكانى وه‌ك حه‌شدى شه‌عبى، ته‌نیا بۆ كوردستان مه‌ترسى نین، به‌ڵكو بۆچوونه‌كان به‌شێوه‌یه‌كن كه كێشه‌كان له دواى شه‌ڕى داعش له عێراق ده‌بێته كێشه بۆ سوننه و ته‌نانه‌ت شیعه خۆیشى.
زیاتر گوتى "مه‌ترسى ئه‌و شیعانه زیاتره كه بێچه‌كن و پێیان وایه ئه‌و هێزانه به‌كار ده‌هێنرێن، به‌تایبه‌ت له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ته‌نانه‌ت دوو بنه‌ماڵه‌ش ره‌نگه به‌كار بهێنرێت، زۆر جاریش نموونه‌ى وا هه‌بووه له سنوورى نه‌جه‌ف كه ئه‌و هێزانه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى نێوان دوو بنه‌ماڵه‌شدا به‌كار هێنراون".
ده‌لۆ روونی ده‌كاته‌وه، جگه له بهسهربازیكردنى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق، كوردستان دواى شه‌ڕى داعش كێشه‌ى تر‌ى ده‌بێت، بۆیه پێویسته كورد به‌رامبه‌ر به سه‌ربازیكردنى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى یه‌كده‌نگ بێت و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كوردستان كه‌م بكاته‌وه و نه‌بێت به به‌شێك له ململانێى نێوان شیعه و سوننه یان شیعه و شیعه‌دا.
ئێسته له عێراق، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی تازه‌ترین هێزن كه له‌گه‌ڵ هاتنی داعش، به فتوایه‌كی عه‌لی سیستانی دروست كران و ژماره‌یان له 100 هه‌زار تێپه‌ڕی كردووه و په‌رله‌مانیش كردنی به هێزی یاسایی، جیا له‌و ده‌یان هێزه‌ی له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا هه‌ن و پاڵپشتی ده‌ره‌كییان هه‌یه.
عوده‌ی خدران نوێنه‌ری حه‌شدی شه‌عبی له پارێزگای دیاله ده‌ڵێت، به سه‌ربازیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق هی ئه‌مڕۆ نییه، ئه‌و به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه بێ هوودانهوه بووه كه رژێمی پێشووی عێراق به‌رپای كردوون له ناوچه‌كه‌دا له دژی ئێران و كوێت و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له عێراق و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال، ئه‌وانه وایان كرد كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق به‌ره‌و به‌سه‌ربازیكردن بچێت، هه‌روه‌ها دوای هاتنی داگیركاری ئه‌مه‌ریكا، چه‌ندان گرووپی به‌رگریكار دروست بوون و دواتریش ده‌ركه‌وتنی داعش و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له سوپای و پۆلیس و پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی، بۆیه ئه‌و حاڵه‌ته خواستی عێراقییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ به‌رگریكردن بووه له خۆیان.
خدران زیاتر گوتی "بۆ قۆناغی دوای داعش وتوێژ ده‌كرێت، چونكه عێراقییه‌كان دوای ئاڵۆزییه‌كانی 2005-2007 بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی زیان ده‌كات ته‌نیا خۆیانن، گفتوگۆ و ئاشته‌وایی نیشتمانی باشترین چاره‌سه‌ره بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیریی وڵات و ئه‌و چهكهش كه به‌ده‌ستی شه‌ڕوانان ده‌بینرێت، هی ده‌وڵه‌ته".
له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی زاڵبوونی بیری سه‌ربازی به‌سه‌ر وتوێژه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر، عوده‌ی روونی كرده‌وه كه ئه‌وانه بوونیان نییه و وه‌ك خۆمان له سایه‌ی بوونی مه‌رجه‌عیه‌تی باڵا ئه‌و ترسه‌مان نییه كه پارێزه‌ری هه‌موو گه‌لی عێراقه، بۆیه له سایه‌ی ئه‌وانه‌وه زمانی چه‌ك به‌سه‌ر زمانی وتوێژ زاڵ نابێت، به‌ڵام ره‌نگه هه‌ندێك ته‌ماحكاری كاریگه‌ریی نه‌رێنی بۆ سه‌ر وتوێژه‌كان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ململانێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه نه‌ك مافه‌كان كه ده‌ستوور بۆ هه‌مووانی دیاری كردووه.
لاى خۆیه‌وه د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر چاودێرى سیاسى و مامۆستاى كۆلیژى یاسا و رامیارى له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، به"وشه"ى راگه‌یاند، عێراق له‌ناو كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌دایه و دروستبوونى داعش به‌شێك بوو له ده‌رهاوێشته‌كانى ته‌نگژه‌كان، سه‌ربارى ته‌نگژه‌ی ئابوورى و كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بۆیه دواى داعش ئه‌گه‌ر هه‌یه فۆڕمه‌كان بگۆڕێت و كێشه‌ى نوێ بێته ئاراوه.
زیاتر گوتى "كورد ئێسته به‌شێوه‌یه‌كى دیفاكتۆ پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غداد پچڕاوه و حزبێكى گه‌وره‌ى وه‌ك پارتى هیچ پۆستێك له به‌غدا وه‌رناگرێت، بۆیه پێویسته بیر له‌وه بكرێته‌وه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غداد بكرێت، به‌تایبه‌ت دۆخى ئێسته‌ى ناوخۆى كوردستان كاریگه‌ریى نه‌رێنى ده‌بێت له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى كورد له به‌غدا، بۆیه پێویستمان به یه‌كده‌نگییه له دواى داعش".
ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ دووپاتی كرده‌وه كه گۆڕانكارى گه‌وره له عێراقدا ده‌بێت و ئه‌ویش به دابه‌شبوونى عێراق، چونكه ناتوانرێ سه‌رله‌نوێ عێراق دروست بكرێته‌وه، به تایبه‌تی دواى داعش كه ناتوانین پێكه‌وه بژین، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌غدا بیه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ربازى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان بكات، ده‌بێت ئه‌وه‌ى بیر نه‌چێ كه هه‌رێم له ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆ ئێسته بێ هێز نییه و ده‌توانێت به‌رگرى له خۆى بكات.
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر مه‌ترسى خۆى پێشان دا له‌وه‌ی به‌غدا نایه‌وێ مافه‌كانى گه‌لى كورد بدات و مه‌ترسى له دروستبوونى كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌ربازى هه‌یه. ئاماژه‌ی دا "له‌لایه‌كى تریشه‌وه ئێران نایه‌وێ هه‌رێمى كوردستان به‌هێز بێت كه به‌مه‌ترسى بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى ده‌زانێت، بۆیه پێویسته كه‌ى به‌غدا خاوه‌نى بڕیارى سه‌ربه‌خۆى خۆى بوو، ئینجا هه‌رێمى كوردستان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات.
سه‌رخێڵ- محموود