بەرشەلۆنە بۆ وەرزی داهاتوو چ گۆڕانكارییەك لە تیپەكەیدا دەكات؟

:: AM:09:54:19/03/2017 ‌

بەگوێرەی پێشبینییەكان یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە وەرزی ئەمساڵدا زەحمەتە بتوانێ هیچ ناسناوێكی گەورە بەدەست بێنێ بەتایبەتیش خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، بۆ وەرزی داهاتووش دەستەی كارگێڕی یانەكە لە ئێستاوە بڕیاریانداوە چ گۆڕانكارییەك لە پێكهاتەی تیپەكەیاندا بكەن.

ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی كە بڕیارە لە وەرزی داهاتوودا لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە بێتە ئەنجامدان، گۆڕینی راهێنەری تیپەكەیە كە لویس ئێنریكی مانگی رابردوو ئاشكرای كردبوو كە كۆتایی ئەم وەرزە ریزی یانەكەی جێدێڵێ، بۆ ئەمەش سەرۆكایەتیی یانەكە تا ئێستا لە دیاریكردنی راهێنەرێك خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە.

رۆژنامە ئیسپانییەكان ئاشكرایان كرد كە هەرچەندە یانەكە لەم وەرزەدا نەیتوانیوە ئاستێكی باش پێشكەش بكات بەتایبەتیش لە هێڵی ناوەڕاستدا، بەڵام بۆ وەرزی داهاتووش یانەكە هەر بەهەمان پێكهاتەیە دەمێنێتەوە و تەنیا چەند گۆڕانكارییەكی بچووك ئەنجام دەدات.

رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەدا ئەگەر یانەی بەرشەلۆنە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانكاری گەورە بكات، ئەوا ئەو گۆڕانكارییە هێنانی تەنیا 3 یاریزانی نوێیە، ئەوانیش بۆ هێڵی بەرگریی و هێڵی ناوەڕاست.

لە هێڵی بەرگریدا یانەكە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی لای راست دەكات و سێرجی رۆبێرتۆی یاریزانی لاوی تیپەكەی كە لە بەشی زۆری یارییەكانی ئەم وەرزەدا لەم هێڵە یاریی كرد، بۆ وەرزی داهاتوو دەچێتەوە هێڵەكەی خۆی كە یاریكردنە لە هێڵی ناوەڕاستدا.

یانەی بەرشەلۆنە یاریزانێكی تریش بۆ هێڵی بەرگری دەكرێ بۆ شوێنگرتنەوەی خافیێر ماسكیڕانۆ و جیریمی ماتیۆ كە ئێستا لە تەمەنی 33 و 34 ساڵیدان، بۆیە یانەكە یاریزانێكی هێڵی بەرگری لاو بۆ شوێنی ئەو دوو بەرگریكارە دەكرێ.

یانەكە لە هێڵی ناوەڕاستیشدا پێدەچێت تەنیا یەك گۆڕانكاری بكات و یاریزانێكی نوێ و ئاستبەرز بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەندرێس ئینێستا كە ئەویش بەهۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە ناتوانێ وەك پێویست لە سەرجەم یارییەكانی یانەكەیدا بەشداربێت.

یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەنجامدانی 27 یاریی لەم وەرزەی خولی ئیسپانیا، ئێستا بەكۆكردنەوەی 60 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكان دێت و بە 5 خاڵ جیاوازی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە، یانەكە ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 10:45ی شەو لە گەڕی 28ی خولەكەدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ڤالێنسیا دەكات.

لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش گەیشتووەتە قۆناغی 8 و بڕیارە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ببێتەوە، لە جامی شای ئیسپانیاش گەیشتووەتە یاریی كۆتایی و بەرامبەر یانەی ئەلاڤێس یاریی دەكات.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م