توێژه‌رانى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه كچان و ژنانى خاوه‌نكار و داهات به‌راورد به‌و ژنانه‌ى هیچ كارێكیان نییه، له‌رووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئازادترن و كه‌متر رووبه‌ڕووى چه‌وساندنه‌وه و پێشێلكردنى مافه‌كانیان ده‌بنه‌وه.
ره‌بیعه محه‌مه‌د مامۆستاى قۆناغى بنه‌ڕه‌تی و دانیشتووی به‌رده‌ڕه‌ش، دایكى دوو منداڵه و به "وشه" ده‌ڵێ، "ئافره‌تانى خاوه‌نكار و داهات، ده‌توانن پشت به خۆیان ببه‌ستن له بڕیاردان و رۆڵى باش له خێزاندا ده‌گێڕن، به‌ڵام ئه‌و ئافره‌تانه‌ى خاوه‌نى ئابووریى سه‌ربه‌خۆ نین، زیاتر له‌لایه‌ن هاوسه‌ر و باوك و براكانیانه‌وه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه".
ئه‌و ئافره‌ته زیاتر ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ژن داهاتی خۆی هه‌بێ، له‌ناو ماڵ و ژیانی خێزانی خۆیاندا وه‌ك هاوسه‌ره‌كانیان له زۆر لایه‌نه‌وه بڕیارده‌ر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیچ داهاتێكیان نه‌بێت، به‌دڵنیایییه‌وه هه‌ر چاویان له ده‌ستى هاوسه‌ره‌كانیان ده‌بێت و ئازاد نابن".
دێرین حه‌مه‌ساڵح بۆچوونێكی هاوشێوه‌ى ره‌بیعه‌ى هه‌یه و به "وشه" ده‌ڵێ، "ئافره‌تانی خاوه‌ن مووچه كه‌متر له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه تووشی كێشه و توندوتیژی ده‌بنه‌وه".
به‌گوێره‌ی داتاكانى ده‌سته‌ی ئامارى هه‌رێمى كوردستان، زۆرینه‌ى رێژه‌ى ئافره‌تانى كاركه‌ر له هه‌رێمى كوردستاندا له كه‌رتى حكوومى كار ده‌كه‌ن، به‌ڕاده‌یه‌ك كه له ساڵى 2014دا، 79%ى ئافره‌تانى كاركه‌ر و له ساڵى 2015دا رێژه‌ى 76%ى ئافره‌تانى كاركه‌ر له كه‌رتى حكوومى بوون و ئه‌وانه‌ى تر له كه‌رتى تایبه‌تدان، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئافره‌تانى كوردستان زیاتر چاویان له‌سه‌ر دامه‌زران له كه‌رتى گشتییه.
سه‌میره هه‌مزه ئافره‌تێكى مامۆستایه له هه‌ولێر و به "وشه" ده‌ڵێ، "ته‌نانه‌ت كچانى خاوه‌نكار و داهات، چانسى هاوسه‌رگیرییان زیاتره، ئه‌وه‌ش به‌و هۆیه‌وه كه دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ژیان قورس بووه و پیاوه‌كان خۆیان خوازیارن ئه‌و كچه‌ى هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، سه‌رچاوه‌یه‌كى داهاتى هه‌بێت".
ئه‌ڤین به‌كر توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، "ئه‌و ته‌نگژه ئابوورییه‌ى به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه، له‌رووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌شێت لێكه‌وتى ئه‌رێنیى له‌سه‌ر ئافره‌تان هه‌بێت، بۆ نموونه، پێشتر زۆر خێزان له‌گه‌ڵ كاركردنى كچه‌كانیان نه‌بوون، به‌ڵام ته‌نگژه‌كه ناچارى كردن به كاركردنى كچه‌كانیان رازى بن".
ئه‌و زیاتر ده‌ڵێ، "كاتێك خێزانه‌كان تواناى كچه‌كانیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئیتر نه‌ك رێگرى له كاركردنیان ناكه‌ن، به‌ڵكو هانیان ده‌ده‌ن و پشتگیری‌یان ده‌كه‌ن له كاركردندا، ئه‌و بابه‌ته هه‌رچه‌ند له بنه‌ڕه‌تدا پاڵنه‌رێكى ئابوورى هه‌یه، به‌ڵام دواجار كاریگه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى باش دروست ده‌كات".
ره‌مه‌زان عه‌بدولڕه‌حمان توێژه‌ری ده‌روونی بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ژن و پیاو له خێزاندا به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن، به‌دڵنیایییه‌وه داهاتى خێزان زیاتر ده‌بێت، له‌كاتێكدا كه ئافره‌تانى خاوه‌نكار سه‌ربه‌خۆتر ده‌بن، چونكه ده‌توانن پشت به خۆیان ببه‌ستن له گوزه‌راندنى ژیاندا، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه‌متر فشاره‌كان قبووڵ بكه‌ن".
زیاتر ده‌ڵێ، "ژنان پێویستیان به زیاتر دابینكردنى ئابووریى سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى په‌راوێز نه‌بن له بڕیارداندا".
هه‌ولێر/ سه‌روین شێخانی