ڤینگەر دوا بڕیار لەسەر یانەی ئارسناڵ دەدات

:: AM:10:06:19/03/2017 ‌

ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی ئاشكرای كرد كە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەسەر مانەوە و جێهێشتنی یانەی ئارسناڵ دەدات.

دوێنێ شەموو یانەی ئارسناڵ لە گەڕی 29ی خولی نایابی ئینگلیزیدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێكی گەورە و بە 3-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی وێست برۆمیچ ئەلبیۆن دۆڕا، بەمەش لە ریزبەندی خولەكەدا بە 50 خاڵ دابەزی بۆ ریزبەندی پێنجەمی یانەكان.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكی زۆرە هاندەرانی یانەی ئارسناڵ داوای رۆیشتنی ڤینگەر دەكەن بەهۆی ئەوەی ماوەی چەندان ساڵە نەیتوانیوە هیچ ناسناوێكی گەورە بۆ یانەكە بەدەستبێنێ.

دوای یارییەكە ڤینگەر بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: باش دەزانم لەبارەی داهاتوومەوە چ بڕیارێك دەدەم، لە ماوەیەكی كورتی داهاتووشدا بڕیاری كۆتاییم بۆ ئێوە ئاشكرا دەكەم و داواش لە هاندەرانی یانەی ئارسناڵ دەكەم چاوەڕوان بن.

لە یارییەكەی دوێنێشدا فڕۆكەیەك بەسەر ئاسمانی یاریگەكە دەخولایەوە و لافیتەیەكی بەدوای خۆیەوە كردبوو و تێیدا داوای رۆیشتنی ڤینگەریان كردبوو.

لەمبارەیەوە ڤینگەر ئاماژەی بەوەدا كە ئەو فڕۆكەیەی نەبینیوە، چونكە ئەو لە كاتی یارییەكاندا تەنیا بیر و هزری لەنێو یاریگەیە و لەدەرەوەی یاریگە و لەنێو پەیژەی هاندەراندا ئاگاداری هیچ شتێك نابێت.

جێی باسە ئەگەر یانەی ئارسناڵ هەر لە ریزی پێنجەمی ئەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزیدا بمێنێتەوە، ئەوا بۆ وەرزی داهاتوو ناتوانێ لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەشداربێت و ئەمەش ئەركی ڤینگەر لە بڕیاری مانەوە قورستر دەكات.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م