رێگه‌یه‌كی نوێ بۆ زانینی گرووپی خوێن له‌ ماوه‌ی 30 چركه‌دا

:: AM:10:24:19/03/2017 ‌
له‌ كاتی تووشبوون به‌ رووداوه‌كان و خوێنبه‌ربوون، پزیشكان بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی كه‌سێكی تر بكه‌نه‌ جه‌سته‌ی نه‌خۆش، پێویستیان به‌ زانینی گرووپی خوێنی نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هۆی بێ هۆشیی ئه‌و كه‌سه‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت گرووپی خوێنه‌كه‌ی بزانرێت.

بۆ دیاریكردنی گرووپی خوێن، رێگه‌ و ئامرازه‌ كۆنه‌كان كاتی زۆریان پێویسته‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌نجامدانی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ دوا بكه‌وێت و به‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دروست ببێت، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك جار ماوه‌ی 30 خوله‌ك پێویسته‌، بۆ ئه‌و پرۆسه‌ی دیاریكردنه‌ی گرووپی خوێن.

گۆڤاری "ڤۆكاس"ی ئیتاڵی بڵاوی كرده‌وه‌، توێژه‌رانی زانكۆی هۆنگ كۆنگ هه‌ستاون به‌ داهێنانی ئامێرێكی ته‌كنه‌لۆجی كه‌ له‌ توانایدایه‌ له‌ ماوه‌ی ته‌نیا 30 چركه‌دا، واته‌ نیو خوله‌ك، گرووپی خوێنی نه‌خۆش ده‌ستنیشان بكات.

ئامێره‌ نوێیه‌كه‌، پشت به‌ رێگه‌یه‌كی نوێ ده‌به‌ستێت بۆ دیاریكردنی گرووپی خوێن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌وڵ بۆ پشكنینی پرۆتینێك ده‌دات كه‌ له‌ خڕۆكه‌ی سووری ناو خوێندا هه‌یه‌ و ئه‌و پرۆتینه‌ هه‌ر جۆرێك بێت، گرووپی خوێنی كه‌سه‌كه‌ش هه‌مان جۆره‌، به‌مه‌ش ده‌توانرێت به‌ شێوه‌یه‌كی خێراتر و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌متردا پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردن بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.

سه‌رچاوه‌/ سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی