هەڵمەتی گەڕان بەدوای تیرۆریست و هاوكارانیان لە كەركووك دەستی پێ كرد

:: AM:11:09:22/10/2016 ‌

هێزەكانی تەناهی و پۆلیسی پارێزگای كەركووك هەڵمەتی گەڕان و پشكنینیان بۆ دۆزینەوە و گرتنی چەكدارانی داعش و ئەو گومان لێكراوانەی هاوكاریی داعشیان كردووە، دەست پێ كرد.

عەمید سەرحەد قادر بەڕِێوەبەری گشتیی پۆلیسی شارۆكە و شارەدێیەكانی كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو 22ی تشرینی یەكەمی 2016، هێزەكانی پۆلیسی شارۆكە و شارەدێیەكانی كەركووك هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینان لە شارەدێی تازە و گوندەكانی باشووری كەركووك دەست پێ كردووە.

زیاتر دەڵێ‌، "هەڵمەتەكە بۆ دۆزینەوە و گرتنی گومانلێكراوانی داعش و ئەو كەسانەیە هاوكاریی داعشیان كردووە".

هاوكات سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ئاسایشی كەركووك بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لە چەند گەڕەكێكی شارەكەدا هەڵمەتێكی بەرفرەوانی گەڕان و پشكنینیان بە شوێن چەكدارانی داعش و هاوكارەكانیان دەست پێ كردووە.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، "هێشتا ژمارەیەك چەكداری داعش كە دوێنێ‌ هەینی دزەیان كردبووە ناو شارەكە، ماونەتەوە و خۆیان لە چەند گەڕەكێكدا حەشار داوە، ئەوان رێگەی راكردنیان نییە و لەلایەن هێزەكانی تەناهی دەكوژرێن یان دەگیرێن".

زیاتر دەڵێ‌، "لە دوو گەڕەكدا هێزەكانی تەناهی لەكاتی گەڕان و پشكنیندا لەلایەن ئەو چەكدارانەی داعش تەقەیان لێ كراوە كە دزەیان كردووەتە ناو شارەكە، چونكە هیچ رێگەیەكی راكردن و دەربازبوونیان نییە، هەوڵ دەدەن رووبەڕووی هێزەكانی تەناهی ببنەوە یان خۆیان بتەقێننەوە، بەڵام بەدڵنیایییەوە لەناو دەبرێن".

ئاماژەی دا، "هەڵمەتی گەڕان و پشكنینەكە هەر تەنیا بۆ لەناوبردنی ئەو چەكدارانەی داعش نییە كە دوێنێ‌ نەكوژران و ماونەتەوە، بەڵكو بۆ گرتنی ئەو گومانلێكراوانەیە كە هاوكاری تیرۆریستیان كردووە لەناو شاری كەركووكدا".

دوێنێ‌ هەینی 21ی تشرینی یەكەمی 2016، ژمارەیەك چەكداری داعش كە بە نزیكەی 50 چەكدار دادەنرێن، لە چەند شوێنێكی شاری كەركووكەوە پەلاماری بارەگاكانی حكوومی و تەناهییان دا، بەڵام هێزەكانی تەناهی و دانیشتووانی شارەكە رووبەڕوویان بوونەوە و زۆرینەیان كوشتن.

وشە/رێبین و ئارام شێركۆ


وشە - ڕێبین فه‌تاح