پێشمەرگە خورسئاباد و چواڕیانی شەلالاتی ئازاد كرد

:: AM:11:10:22/10/2016 ‌

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەبەردەوامی پێشڕەوییەكانیان لە میحوەری ناوەران توانیان گوندی خۆرسئاباد و چواڕیانی شەلالات كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری باشیك و ناوەران و بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف بەردەوامن لە پێشڕەوی و ئێستە چوونەتە نێو گوندی خۆرسئاباد كە یەكێكە لە گوندە گەورەكانی ناوچەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

گوندی خۆرسئاباد زۆرینەی دانیشتووانی كوردی شەبەكن و دەكەوێتە 10 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و هەریەك لە گوندەكانی باریمە و مەغفەرە و دێر و بایبوخت و سماقییە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ئەو گوندە پێشتر پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری بووە و ئێستەش سەنتەری ئابووری و كشتوكاڵی گوندەكانی دەوروبەریەتی و هەریەك لە به‌رهه‌مه‌كانی لۆكە و گوڵەبەرۆژە و گەنم و جۆ و زەیتوون و ترێی لێ بەرهەم دێت. دەیان شوێنی شوێنەواری گرنگی تێدایە و لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە زۆربەی ناوچە شوێنەوارییەكانی تەقێنراونەتەوە.

لەلایەكی ترەوە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانیویانە چواڕیانی رێگەی سەرەكی شەلالات مووسڵ بەتەواوی لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و پێشڕەوییەكانیش بەردەوامە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، زیانی زۆر بە تیرۆریستان گەیشتووە و خەریكی راكردنن و توانای بەرگری كردنیان نەماوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د