ئارسناڵ بەرپەرچی جەماوەرەكەی دەداتەوە.. گرێبەستی ڤینگەر نوێ دەكاتەوە
رۆژنامە ئینگلیزییەكان ئاشكرایان كرد كە ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی داوایەكی دەستەی كارگێڕی یانەی ئارسناڵی قبووڵ كردووە سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی تریش.
دوێنێ شەموو یانەی ئارسناڵ لە گەڕی 29ی خولی نایابی ئینگلیزی بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ بەرامبەر یانەی وێست برۆمیچ ئەلبیۆن دۆڕا، ئەم شكستە هاندەرانی یانەی ئارسناڵی توڕەتر كرد و وەك جارانی پێشوو داوای رۆیشتنی ڤینگەریان كرد.
رۆژنامەی (سەندای ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: دەستەی كارگێڕی یانەی ئارسناڵ دەستەوارەیەكی نوێیان ئاراستەی ڤینگەر كردبوو كە تێیدا داوای مانەوەی 2 ساڵی تریان كردبوو، بەڵام ڤینگەر رەزامەندی لەسەر مانەوەی تەنیا ساڵێك نیشانداوە.
گرێبەستەكەی ئێستای ڤینگەر لەگەڵ یانەی ئارسناڵ لەگەڵ تەواوبوونی ئەم وەرزە بەكۆتا دێت، بەڵام ئەو راهێنەرە نایەوێ ئاوا بەئاسانی دەستبەرداری ئەو یانەیە بێت كە ماوەی 21 ساڵە راهێنەرایەتیی دەكات.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكی زۆرە هاندەرانی یانەی ئارسناڵ داوای رۆیشتنی ڤینگەر دەكەن بەهۆی ئەوەی ماوەی چەندان ساڵە نەیتوانیوە هیچ ناسناوێكی گەورە بۆ یانەكە بەدەستبێنێ.
دوای شكستەكەیان لە یارییەكەی دوێنێدا، ڤینگەر بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتبووی: باش دەزانم لەبارەی داهاتوومەوە چ بڕیارێك دەدەم، لە ماوەیەكی كورتی داهاتووشدا بڕیاری كۆتاییم بۆ هاندەران ئاشكرا دەكەم و داواشیان لێ دەكەم چاوەڕوان بن.
یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 50 خاڵ لە ریزی پێنجەمی یانەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزی دێت، ئەگەریش هەر لەم ریزبەندییەدا بمێنێتەوە، ئەوا بۆ وەرزی داهاتوو ناتوانێ لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەشداربێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم