بەرشەلۆنە لە 3 ساڵدا 343 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە.. ئاستی یانەكەش وەك پێویست نییە

:: PM:01:49:19/03/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی رەخنەی توندی لە سیاسەتی یانەی بەرشەلۆنە گرت كە لە ماوەی 3 ساڵی راهێنەرایەتیی لویس ئێنریكیدا جێبەجێ كراون.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی 3 ساڵی راهێنەرایەتیی ئێنریكیدا لە 201 4 تا 2017 گرێبەستی لەگەڵ 16 یاریزان كردبوو تێیدا 343 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردبوو، بەڵام لەو ماوەیەدا تەنیا 4 یاریزان توانیویانە ئاستێكی باش پێشكەش بكەن و لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا شوێنی خۆیان بگرن كە ئەوانیش پێكهاتوون لە تیر شتیگن، لویس سوارێز، ئیڤان راكیتیچ و ساموێل ئۆمتیتی.

لە كۆی ئەو 16 یاریزانەدا ئێستا 4 یاریزان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە ئەوانیش برێتین لە تۆماس ڤێرمایلین، كلاودیۆ بڕاڤۆ، ئەلین خەلیلۆڤیچ و دۆگلاس كۆستاش بە شێوەی خواستن یانەكەی جێهێشتووە.

رۆژنامەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە لەسەردەمی ئەندۆنی زۆبیزارێتا لە وەرزی 2014-2015 كە ئەو كات ئەو بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە بوو، یانەكە گرێبەستی لەگەڵ 8 یاریزان كردبوو بە بەهای 169 ملیۆن یۆرۆ، گرینگترین گرێبەستی ئەو كاتیش لویس سوارێز بوو كە بەبەهای 81 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كردبوو.

یانەكە لەو ماوەیەدا لە كۆی ئەو 8 یاریزانە، بەشێكی زۆری یاریزانەكانی تواناكانیان لەدەستدا و ئێستا لە پێكهاتەی یەدەگدا بەكەمی یاریی دەكەن كە گرینگترینیان جیرمی ماتیۆ و ئەردا تۆرانن.

گەورەترین زەرەری یانەی بەرشەلۆنە لە گرێبەستی دۆگلاس و ڤێرمایلینەوە بوو، دواتریش یانەكە 34 ملیۆن یۆرۆی لە تۆران و 18 ملیۆن یۆرۆی لە ئەلێكس ڤیدال خەرج كرد، بەڵام هەردوو یاریزانەكە تا ئێستاش نەیانتوانیوە ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەن.

یانەی بەرشەلۆنە لە هاوینی 2015 بڕی 123 ملیۆن یۆرۆی لە كڕینی یاریزانانی نوێ خەرج كرد، دواتریش لە هاوینی رابردوودا، لە هاوینی رابردووشدا 6 یاریزانی نوێی هێنایە یانەكەیەوە كە ئەوانیش برێتی بوون لە ئەندرێ گۆمێز بە 35 ملیۆن، ئۆمتیتی 25 ملیۆن، لوكاس دینی 17 ملیۆن، گاسپەر سیلیسین 13 ملیۆن، دینیس سوارێز 3 ملیۆن و پاكۆ ئەلكاسێر 30 ملیۆن یۆرۆ.

لە كۆی هەر شەش یاریزانەكەدا تەنیا ئۆمتیتی تا ئێستا توانیویەتی ئاستی باش پێشكەش بكات و لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا شوێنی خۆی جێگیر بكات.

رۆژنامەكە داواشی لە سەرۆكایەتیی یانەكە كرد لێكۆڵینەوە لە رۆبەرت فرناندێزی بەڕێوەبەری ئێستای یانەكەی بكات بۆ ئەوەی چیتر هەڵەی تر لە هێنانی یاریزانانی نوێ دووبارە نەكەنەوە و ورتربن لە دەستنیشانكردنی یاریزانانی نوێ.

لە كۆتاییدا سەرچاوەكە جەختی كردەوە كە نەگەیشتن بەو ئامانجانەی كە یانەی بەشەلۆنە پێشبینی بۆ دەكرد، ئەوە دەگەیەنێ كە یانەكە بەرەو ئاقارێكی هەڵە رێگەی گرتووە و پێویستە بە زووترین كات چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر 343 ملیۆن یۆرۆی تر بەهەدەر نەدەن.

یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەنجامدانی 27 یاریی لەم وەرزەی خولی ئیسپانیا، ئێستا بەكۆكردنەوەی 60 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكان دێت و بە 5 خاڵ جیاوازی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە، یانەكە ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 10:45ی شەو لە گەڕی 28ی خولەكەدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ڤالێنسیا دەكات.

لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش گەیشتووەتە قۆناغی 8 و بڕیارە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ببێتەوە، لە جامی شای ئیسپانیاش گەیشتووەتە یاریی كۆتایی و بەرامبەر یانەی ئەلاڤێس یاریی دەكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م