لایەنگرانی مالیكی لە هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵدەگەڕێنەوە

:: PM:03:32:01/10/2016 ‌

دوای ئەوەی نووری مالیكی وریایی لە بوونی هەوڵێك بۆ كودەتای سیاسی لە عێراق دا، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نیشتمانی دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتمانی وەزیرانی كەمتەرخی خۆی لادەدات، پەرلەمانتارێكی بەرەی چاكسازیش دووپاتی كردەوە كە ئەوان پابەندی بڕیارەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی نابن.

مەنسوور بەعێجی پەرلەمانتاری بەرەی چاكسازی ئەمڕۆ شەموو دووپاتی كردەوە كە بەرەی چاكسازی پابەندی بڕیارەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی نابێت و ئەوان خاوەنی پرۆگرامی خۆیان و دەستەی سیاسی خۆیانن و هاوپەیمانیەتییەكە ناتوانێت كۆنترۆڵی ئەوان بكات.

روونی كردەوە كە بەرەی چاكسازی خاوەنی دەستەیەكی كارگێڕی و پرۆگرامی كاری خۆیەتی، لەوانە دانانی یاسا و كاراكردنی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حكوومەت، دووپاتی كردەوە كە بەرەكەیان لە بڕیارەكانیدا دابەش نابێت و بەر لە هەر لێپرسینەوەیەك كۆ دەبنەوە و بڕیار دەدەن. دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتمانی ناتوانێت كۆنترۆڵی بەرەكەیان بكات.  

دوێنێ هەینی هاوپەیمانی نیشتمانی بە بەشداری دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر لە بەغدا كۆ بووەوە و باسی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بەغدا. 

حەبیب تەرفی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، هاوپەیمانیەتییەكە دەستپێشخەری دەكات و هەر وەزیرێكی سەر بەو هاوپەیمانیەتییە ئەگەر كەمتەرخەمی سەلمێنرا، خۆی زیاتر لەوەی پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكات.

زیاتر گوتی، مەبەست لە قسەكانی عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لەوبارەوە وەزیرێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو هەموو وەزیرانی هاوپەیمانی نیشتمانییە كە كەمتەرخەمییان دێتە سەلماندن، چونكە ئێستە هاوپەیمانیەتییەكە سەرپەرشتی چاكسازییەكان دەكات.

روونی كردەوە، لێپرسینەوە هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ وەزیرانی كەمتەرخەم بەهێزتر دەبێت لەوەی پەرلەمان و ئەگەر دەركەوت كە راستە كەمتەرخەمە، ئەوە راستەوخۆ لا دەدرێت كە رێوشوێنێكی دەستوورییە.  

لای خۆیەوە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی وریایی لە پلانەكانی كودەتایەكی سیاسی دا ئەگەر بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو كە عێراق هەرەس دێنێ.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی مالیكی، ئەو هانی لایەنگرانی خۆی داوە كە پێویستە بەگەرمی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكەن بۆ پووچەڵكردنەوەی هەموو هەوڵەكانی كودەتای سیاسی لە عێراق.

هەفتەی رابردوو ئاشكرا كرا كە موقتەدا سەدر پەیامێكی ئاراستەی عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی كردووە كە 14 مەرجی لەخۆ گرتبوو بۆ گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەكە، پەرلەمانتارێكی ئەحڕاڕیش رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكە بە مەرجەكانی سەدر رازی بووە. 

مازن مازنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی ئەحڕاڕ پێنجشەم رازیبوونی هاوپەیمانی نیشتمانی بە مەرجەكانی رەوتی سەدر بۆ گەڕانەوە بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەكە راگەیاند، تەنیا یەك مەرج نەبێت كە پێوەستە بە هەڵبژاردنی كەسانی سەربەخۆ و تەكنۆكرات بۆ هەموو پۆستەكانی هاوپەیمانیەتییەكە.

پەیامەكەی سەدر چەند مەرجێكی لەخۆ گرت كە پێوەستن بە چاكسازی و گۆڕینی وەزیرانی حكوومەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و كاندیدكردنی كەسانی حزبی بۆ پۆستە ویزاری و تایبەت و دەستە سەربەخۆكان و دیاریكردنی مامۆستایانی زانكۆ بۆ پۆستە ویزارییەكان.

هەروەها یەكێك لە مەرجەكان هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی نوێ و سەربەخۆ و دوور لە حزبە سیاسییەكانە.

بوونی عەماڕ حەكیم بە سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، دوای ناڕەزایییەكی زۆری حزبی دەعوە هات كە مالیكی ئەمینداری گشتی ئەو حزبەیە، هەروەها گەڕانەوەی سەدر و رەوتەكەی بۆ ناو هاوپەیمانییەكە هەر بە ناڕەزایی حزبی دەعوە بووە. 

وشە/ئاژانسەكان-و: مەحموود ئیسماعیل



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل