بریارە سبەی دووشەم لەشارۆكەی كۆیەی سەر به شاری هەولێر فیستڤاڵێكی گەورە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز بەرێوە بچێت.
بەپێی ئاگەدارییەكی لیژنەی باڵای ئامادەكاری فیستڤاڵەكە كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە هاتووە، بەناونیشانی "فیستڤاڵی نەورۆزی كۆیە" ڕۆژی 20ی ئادار بەچەند بڕگە و بەرنامەیەكی جۆرا و جۆری هونەری و كولتووری بەرێوە دەچێت و ئاگری نەورۆز لەكۆیە دەكرێتەوە.
بەپێی ئاگەدارییەكە، فیستڤاڵەكە كاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆ لە دوو سایدی هەناری - تەنیشت كۆمەڵگەی دارایی كۆیە بەرێوە دەچێت.
ئەمڕۆ یەكشەم حازم عەلی چالاكوانی مەدەنی شاری كۆیە بە"وشە"ی راگەیاند، فیستڤاڵەكە چەندان بەرنامەی جۆراو جۆر لەخۆ دەگرێت و لەبەر فراوانی فیستڤاڵەكە لەقشڵەی كۆیە ئەنجام نەدراوە و ئەمساڵ گواستراوەتەوە دوو سایدی هەناری.
هەموو ساڵێك لەكاتی جەژنی نەورۆزدا ئێوارەی ڕۆژی 21ی ئادار لەزۆرینەی شارو شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی جیاواز ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و جەژنی نەورۆز پیرۆز دەكرێت.