داوای متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ پارێزگاری كه‌ركووك ده‌كرێت

:: PM:08:02:19/03/2017 ‌
دوای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەپارێزگای كەركووك لەلایەن پارێزگاره‌وه‌، توركمانەكان داوای وەرگرتنەوەی متمانە دەكەن، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وەك پێویست داكۆكی لەپارێزگاری كەركووك ناكات كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبه‌كه‌یه‌.

ئسكەندەر وتوت، په‌رله‌مانتاری بەرەی چاكسازی توركمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن پارێزگاری كەركووكەوە جێگای قبوڵ كردن نیە چونكە كەركووك هێشتا لەژێر سایەی حكوومەتی ناوەندایە.

زیاتر گوتی، ئێمە بە پێویستی دەزانین پەرلەمان متمانە لە پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە چونكە كارێكی نایاسایی ئەنجام داوە.

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە دوابه‌دوای ئەوە دێت كە توركمانەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دژایەتی كردنی خۆیان بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو پارێزگایە دەربڕی. 

به‌هۆی لێدوانە دژ بە یەكەكانی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، راگەیاندنەكانی یەكێتی و سەركردایەتی ئەو حزبە بە گوێرەی پێویست داكۆكی لە پارێزگاری كه‌ركووك ناكەن هەرچەنده‌ یەكێكە لەسەركردەكانی حزبەكە.

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پارێزگاری كەركووك كارێكی باشی كردوە كه‌ هەستاوە بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان، پێم وایە درەنگ بوو ئەو هەنگاوە.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پشتگیری له‌ پارێزگاری كه‌ركووك ناكه‌ن له‌ كاتێكدا داوا ده‌كرێت متمانه‌ی لێ بسه‌ندرێته‌وه‌، سه‌راوی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، مەڵبەندی كەركووك داكۆكی له‌ پارێزگار كردوه‌ و منیش تەنیا وەك ئەنجوومەن دەتوانم بلێم پشتگیری لێدەكەم.

رۆژی 14ی ئەم مانگە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك بڕیاری دا لە ته‌نیشت ئاڵای عێراق ئاڵای كوردستان له‌ تەواوی دامەزراوە حكوومیەكانی پارێزگاكەدا بەرز بكرێتەوە. 

گەرمیان: سەبری هۆرینی 


وشە - عه‌لی سدیق