خولی ئیسپانیا.. بەرشەلۆنە لە راوەدوونانی ریال مەدرید بەردەوام دەبێت

:: AM:09:17:20/03/2017 ‌

درەنگانی شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یانەی ڤالێنسیای بردەوە و درێژەی بە ركابەرییەكانی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ركابەری دانا بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا.

یارییەكە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لەچوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 28ی خولی ئیسپانیا بەڕێوە چوو و تێیدا یانەی بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە یانەی ڤالێنسیای بردەوە.

گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەلایەن یانەی ڤالێنسیاوە لە رێگەی یاریزان ئیلیاكیم مانگالای بەرگریكار لە خولەكی 29 هاتە تۆماركردن، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە هەرزوو لە خولەكی 35 لە رێگەی لویس سوارێزی هێرشبەرەوە گۆڵی یەكسانبوونەوەی تۆمار كردەوە.

لە خولەكی 44 ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ یانەی بەرشەلۆنە هەژماركرد و مانگالای خاوەن گۆڵی یەكەمی یانەی ڤالێنسیاشی لە خولەكی 44 كردە دەرەوە، لێدانە سزاكەش بەسەركەتوویی لەلایەن لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی جێبەجێ كرا، بەڵام یانەی ڤالێنسیا بە خێرایی و بەر لە تەواوبوونی گێمەكە لەلایەن مونیر حەدادی گۆڵی یەكسانبوونەوەی لەسەر یانەكەی پێشووی تۆماركردەوە، بەمەش گێمی یەكەمی یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوو یانەكە بە 2 گۆڵ بەكۆتا هات.

لە گێمی دووەمیشدا یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە لە هێرشبردن بەردەوام بوون و چەندان هەلی گۆڵ تۆماركردنیان لەدەستدا، تا لە یەكێك لە هێرشەكاندا میسی توانی لە خولەكی 52 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەی بەرشەلۆنەی تۆماركرد، بەر لە تەواوبوونی یارییەكەش لە خولەكی 89 لە هێرشێكی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە خولەكی 52 گۆڵێكی بۆ ئەندرێ گۆمێزی ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە دروست كرد و بەمەش یارییەكە بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی یانەی بەرشەلۆنە بەكۆتا هات.

بەم سەركەوتنە خاڵەكانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ 63 بەرز بوویەوە و بەجیاوازی 2 خاڵ لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ركابەری، لە ریزی دووەمی یانەكان مایەوە، یانەی ڤالێنسیاش خاڵەكانی لە 30 زیادی نەكرد و هاتە ریزی 14ی خولەكە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م