رۆناڵدۆ لە یارییەكەی ئەتلەتیك بیلباو ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد

:: AM:09:46:20/03/2017 ‌

بە دروستكردنی گۆڵێك، كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان لە یارییەكەی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئەتلەتیك بیلباو لە خولی ئیسپانیا ژمارەیەكی پێوانەیی لە ریزی یانەكەیدا تۆمار كردبوو.

پێرێ شەموو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی ئەتلەتیك بیلباوی بردەوە.

گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەلایەن كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی و لە دروستكردنی رۆناڵدۆ تۆمار كرا، بەمەش ئەو هێرشبەرە بووە یەكەم یاریزانی یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات و لە هەمان كاتیشدا زۆرترین گۆڵیش دروست بكات.

رۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەكانی لەم وەرزەدا 26 گۆڵە لەگەڵ دروستكردنی 10 گۆڵی تر لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا و تا ئێستاش هیچ یاریزانێكی یانەی ریال مەدرید لەم ساڵدا نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیە، لە خولی ئیسپانیاش تەنیا سێ هێرشبەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە میسی و نیمار و سوارێز لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئەو ژمارەیان تێپەڕاندووە.

تۆماركردنی ئەم ژمارە زێڕینەیە شتێكی نوێ نییە بۆ رۆناڵدۆ، چونكە لە هەر حەوت وەرزەكەی رابردوودا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید توانیویەتی بگاتە ئەو تۆمارە مێژووییە تەنیا لە وەرزی 2009-2010 نەبێت كە لەم وەرزەدا سەرەڕای ئەوەی 33 گۆڵی تۆمار كردبوو، بەڵام تەنیا 7 گۆڵی دروست كردبوو.

لە ریزی یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2008وە تەنیا 7 یاریزان توانیویانە بەلایەنی كەم 10 گۆڵ تۆمار بكەن و 10 گۆڵی تریش لە ماوەی ساڵێكدا دروست بكەن، ئەوانیش گاریس بێڵ 3 جار، مەسعوود ئۆزێل 2 جار، لەگەڵ هەرسێ یاریزان خامیس رۆدریگیز، ئەنخێل دی ماریا و گۆنزالۆ هیگواین هەریەكەو جارێك توانیویانە بگەنە ئەو ژمارەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م