راهێنەری یۆڤانتۆس لەبەر هۆكارێك یارییەكەی بەرامبەر بەرشەلۆنە فەرامۆش دەكات

:: AM:10:49:20/03/2017 ‌

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی رایگەیاند كە لەبەر هۆكارێك جارێ گرینگی بە یارییەكەیان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا نادەن.

هەینی رابردوو یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا تیروپشكی بۆ یارییەكانی قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەنجام دا و تێیدا هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و بەرشەلۆنە بەریەك كەوتن.

راهێنەری یانەی یۆڤانتۆس بۆ دەزگاكانی راگەیاندن سەبارەت بە یارییەكە گوتی: لە ئێستادا یارییەكەمان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە فەرامۆش كردووە، چونكە كاتێكی زۆر بۆ ئەنجامدانی یارییەكە ماوە و بەر لەویش چەند یارییەكی گرینگمان لە جام و خولی ئیتاڵیا لەبەردەم دەبێت.

یانەی یۆڤانتۆس بەر لە ئەنجامدانی یارییەكەی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لە رۆژی 11ی مانگی داهاتوودا، 3 یاریی لە خولی ئیتالیا بەرامبەر یانەكانی سامپدۆریا، ناپۆلی و كییڤۆ ئەنجام دەدات، لە جامی ئیتاڵیاشدا بەرامبەر یانەی ناپۆلی ركابەری یاریی دەكات.

یانەكە دوای ئەنجامدانی 29 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیتاڵیادا ئێستا بەكۆكردنەوەی 73 خاڵ لە ریزی یەكەمی یانەكان دێت و نزیكترین ركابەریشی یانەی رۆما و ناپۆلییە كە 65 و 63 خاڵیان هەیە.

ئەلیگری رایگەیاند كە هەرچەندە یارییەكەیان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە یارییەكی قورس و زەحمەت دەبێت، بەڵام ئەوان وەك هەر یارییەكی تر بەشێویەكی ئاسایی دەیبینن، چونكە یانەكەی ئەوانیش ئێستا لە ریزی یانە گەورەكانی ئەوروپادایە.

لە كۆتاییدا راهێنەری یانەی یۆڤانتۆس ئاشكرای كرد كە ئامانجی پێشینەی ئەمساڵیان بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیتاڵیایە، چونكە بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە دەبێتە هۆی ئەوەی یانەكەیان بۆ ماوەی 6 وەرز لەسەریەك ناسناوەكە بباتەوە كە ئەمەش شتێكی مەحاڵە بەتایبەت لە ئیتاڵیادا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م