ساڵێك و شه‌ش مانگ پێش ئێسته، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان واژووی له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌فسه‌رانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه كه به‌گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كان، دوای چه‌ند ساڵێك خزمه‌ت پله‌كانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه تا ئێسته پله نوێیه‌كان به ئه‌فسه‌ران نه‌دراوه‌ته‌وه. گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ، به‌هۆی ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌یه. سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ش له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ته‌نگژه‌ی دارایی و پرۆسه‌ی چاكسازی هۆی دواخستنه‌كه‌ن.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ساڵانه دوو گه‌ڕی پله به‌رزكردنه‌وه‌ی له 21ی ئادار و 11ی ئه‌یلوول هه‌یه، پرۆسه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه ئاماده ده‌كرێ به‌گوێره‌ی یاسای سه‌ربازی, دواتر ره‌وانه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و واژووی كرد، ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێ بۆ ره‌چاوكردنی مووچه و دواتر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پله‌كان به خاوه‌نه‌كانیان ده‌دات، به‌ڵام پله به‌رزكردنه‌وه‌ی 11ی ئه‌یلوولی 2015 هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه لای ئه‌فسه‌ران، هه‌رچه‌نده بارزانی واژووی كردووه.
پله به‌رزكردنه‌وه‌یان ته‌واو بووه و پێیان نادرێته‌وه
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی "وشه" كه له چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، زیاتر له ساڵێكه فه‌رمانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌كانیان له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه واژوو كراوه، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه، تا ئێسته پله‌كانیان بۆ نه‌به‌ستراوه و ڕێك نه‌خراوه و به ئه‌فسه‌ران ڕانه‌گه‌یه‌نراوه، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای ئه‌فسه‌رانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دروست كردووه و ده‌ڵێن "له‌بری ئه‌وه‌ی مووچه‌مان بۆ زیاد بكه‌ن، پله‌كانیشمان راگیراوه".
ئه‌و ئه‌فسه‌رانه ئاماژه به‌وه‌یش ده‌ده‌ن كه ئه‌وان له‌كاتی شه‌ڕدا ئه‌ركی خۆیان به سه‌ركه‌وتووی جێبه‌جێ كردووه و شانازییان بۆ كوردستان تۆمار كردووه، "تێناگه‌ین بۆچی پله‌كانمان ناده‌نه‌وه له كاتێكدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان واژووی كردووه و مافی یاسایی خۆمانه به‌گوێره‌ی یاسای سه‌ربازی".
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هۆكاره‌كان ئاشكرا ده‌كات
له‌باره‌ی هۆی دواخستنی ڕاگه‌یاندنی فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه تێیدا واژووی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌فسه‌رانی شایسته‌ی كردووه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندن و هۆشیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌و كاته‌وه پڕۆژه‌ی دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له ئارادایه و هه‌ندێك به‌دواداچوون و سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه هه‌یه، ئه‌مه هۆكاری سه‌ره‌كی رانه‌گه‌یاندنی ناوه‌كانه.
هه‌ڵگورد حیكمه‌ت زیاتر گوتی "وه‌ك ماف ئه‌فسه‌ران مافی خۆیانه و وه‌زاره‌تیش ئیشی له‌سه‌ر كردووه و ته‌واوی فلته‌ره‌كانی تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵام له ئه‌نجامی ئه‌و زنجیره رێكخستنه‌وانه‌ی ناو وه‌زاره‌ت، بۆ نموونه خانه‌نشینكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته كاتی خانه‌نشینكردنیان، چونكه ئه‌گه‌ر بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی له پله‌ی لیوان و كاتی خانه‌نشینییانه، ئه‌گه‌ر خانه‌نشین نه‌كرێن، ئه‌وانه‌ی له ئه‌نجامی به‌رزكردنه‌وه پله‌یان ده‌گاته ئه‌و ئاسته كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێ، چونكه ئه‌و ده‌گات به‌و پله‌یه ده‌بێ شوێنی كاره‌كه‌یشی بگۆڕێت، ناكرێ كه‌سێك عه‌قید بێت و له شوێنی موقه‌ده‌مێك كار بكات، ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك هۆكارن بوونه‌ته هۆی دواخستنی ئه‌م بابه‌ته، پێ ده‌چێ له داهاتوویه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ بكرێ".
ته‌نگژه‌ی دارایی‌ش هۆكاره
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته به‌دواداچوونی كردووه و به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی به‌ده‌ستی هێناوه، ته‌نگژه‌ی دارایی یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی دواخستنی راگه‌یاندنی پله تازه‌كان به‌و پێیه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رمووچه ده‌چێته سه‌ر بودجه‌ی گشتیی.
ئاری هه‌رسین به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، هۆی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی ته‌نگژه‌ی دارایییه، چونكه ئێسته ئه‌گه‌ر كه‌سێك پله‌كه‌ی نه‌قیب بێ و به‌رز بكرێته‌وه بۆ ڕائید، ده‌بێ مووچه‌كه‌یشی زیاد بكرێ، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ گۆڕینی پله‌كه‌ی مووچه‌كه‌یشی زیاد نه‌كرێ، كارێكی نایاسایییه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی هه‌یه و ئه‌مه‌ش كاره‌كه‌ی دواخستووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه" له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌و لیسته‌ی 11ی ئه‌یلوولی ئه‌فسه‌ران راگیراوه، چونكه جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره واته زیادبوونی بڕێكی زۆری مووچه‌ی ئه‌فسه‌ران و ئه‌مه‌ش له‌وكاته‌دایه كه كوردستان له ته‌نگژه‌ی داراییدایه، باری حكوومه‌ت قورس‌تر ده‌كات، بۆیه تا ئێسته به ڕژدی كاریان له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه.
چاكسازی هۆیه‌كی تری دواخستنه
له 10ی شوباتی 2016 سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی ده‌ست پێكردنی پرۆسه‌یه‌كی فره‌لایه‌نی چاكسازی ده‌ركردووه و له سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رده‌وامی هه‌یه، بۆ لێكۆڵینه‌وه و دووباره رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌گوێره‌ی مه‌رج و ڕێنوێنییه‌كانی چاكسازی، ئه‌و كاره دوا خراوه.
ئاری هه‌رسین خاڵێكی تری جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌ی بۆ چاكسازی گه‌ڕانده‌وه و گوتی، پرۆسه چاكسازییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، چونكه ده‌بێ ئیتر ڕه‌ش و سپی له نێو وه‌زاره‌ته‌كه له یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی پله‌یان وه‌رگرتووه، سه‌رجه‌میان به مافی خۆیان وه‌ریان نه‌گرتووه، هه‌یانه ته‌مه‌نی نایگرێته‌وه، هه‌شیانه ڕابردوو و خوێنده‌وارییه‌كه‌ی نایگرێته‌وه، بۆیه پێویسته پێداچوونه‌وه له‌و ڕووه‌وه بكرێت.