ئیبراهیمۆڤیچ هاندەرانی یانەی مانچستەر یونایتد دڵگران دەكات
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی هاندەرانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دڵگران كرد كاتێك ئاشكرای كرد كە گەڕانەوەی بۆ خولی ئیتاڵیا بەدوور نازانێ لە وەرزی داهاتوودا.
ئیبراهیمۆڤیچ هاوینی رابردوو دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە كرد و لە ماوەیەكی كورتیشدا توانی دڵی سەرجەم هاندەرانی یانەكە بۆ خۆی راكێشێ دوای ئەوەی لەو ماوەیەدا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەكەدا پێشكەش كرد.
گرێبەستەكی ئیبراهیمۆڤیچ لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بۆ ماوەی یەك وەرزە و لەگەڵ ئەگەری نوێكردنەوەی بۆ وەرزێكی تریش، بەڵام تا ئێستا ئەو هێرشبەرە بەتوانایە رەزامەندی لەسەر درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەدا پێشان نەداوە.
ئیبراهیمۆڤیچ لە ماوەی رابردوودا دەستەوارەی گرانبەهای لەلایەن یانەكانی خولی ئەمەریكا و چینەوە پێگەیشتبوو، هەروەها یانەی ناپۆلی ئیتاڵیش داوای كردبوو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بكات.
لەمبارەیەوە ئەو هێرشبەرە تەمەن 34 ساڵییە بۆ تەلەفزیۆنی (فۆكس سپۆڕت)ی ئیتاڵی گوتی: هەرچەندە ئێستا لە یانەی مانچستەر یونایتد و ئینگلتەڕا بەگشتی دۆڵخۆشم، بەڵام خۆری یانەی ناپۆلیش لای من گرینگییەكی تایبەتی هەیە، بەڵام ئێستا كاتی بڕیاریدان نییە و با بزانین لە داهاتوودا چی دەگوزەرێت.
ئەم لێدوانەی ئیبراهیمۆڤیچ بووە هۆی نیگەرانی بەشێكی زۆری هاندەرانی یانەی مانچستەر یونایتد كە خوازیارن ئەو هێرشبەرە سوێدییە ماوەیەكی زیاتر لە ریزی یانەكەیندا بمێنێتەوە.
لای خۆشییەوە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی رابردوویدا ئاماژەی بەوەدابوو كە هەموو كارێك دەكەن تا ئیبراهیمۆڤیچ رازی بكەن بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵیاندا بمێنێتەوە و بۆ ئەمەش دڵنیاییە سەركەوتوو دەبن.
ئیبراهیمۆڤیچ لە یەكەم وەرزی یاریكردنیدا لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بەشداریی لە 41 یارییدا لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و تێیدا 26 گۆڵی تۆمار كردووە و 9 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم