سلێمانی.. باشترین راهێنەر و یاریزانانی تۆپی پێ دیاری كران
دوێنێ یەكشەم لە ئاهەنگێكدا كە یەكەتیی تۆپی پێی سلێمانی بە هاوكاری یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان رێكی خستبوو، لیستی باشترین یاریزانان و راهێنەری ساڵی 2016 لە یاریی تۆپی پێدا لە پارێزگەی سلێمانی راگەیەنرا.
بەشی زۆری خەڵاتەكان بەر یانەی شێروانەی شاری سلێمانی كەوتن كە تێیدا رزگار عەلی راهێنەری پێشووی یانەكە و ئێستای یانەی سیروانی نوێ، بە باشترین راهێنەری ساڵی رابردووی پارێزگەی سلێمانی دەستنیشان كرا.
محەمەد سابیر كە ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی شێروانەیە، خەڵاتی باشترین یاریزانی شاری سلێمانی بردەوە، هەروەها گۆڵپارێزی یانەكەش حەسەن حوسێن وەك باشترین گۆڵپارێز خەڵاتی پێدرا.
یەكەتیی تۆپی پێی سلێمانی هەروەها خەڵاتی باشترین هاندەرانی تۆپی پێی سنوورەكەی بەخشی بە هاندەرانی یانەی شێروانە دوای ئەوەی لە یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستاندا لە ماوەی رابردوو بە گوڕ و تینەوە هانی تیپەكەیان دابوو.
لە كۆتایشدا یەكەتییەكە خەڵاتی چەند ناوبژیوانێكی كرد كە لە ماوەی رابردوودا بە باشترین شێوە یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستانیان بەڕێوە بردبوو.
بەگشتی خەڵاتەكان بەمشێوەیە خوارەوە بوون:-
حسن حسین گۆڵپارێز یانەی شێروانە - باشترین گۆڵپارێز
محمد سابیر یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی شێروانە - باشترین یاریزان
هاندەرانی یانەی شێروانە - باشترین هاندەر
ڕزگار علی ڕاهێنەری سیروانی نوێ - باشترین ڕاهێنەر
کوردستان زاهیر - باشترین ناوبژیوانی ناوەڕاست
دارا جلال و سردار علی - باشترین یاریدەری ناوبژیوان
لە ئاهەنگەكەدا سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان لە شاری سلێمانی ئامادەبوو و هەروەها بەشداری لە دابەشكردنی خەڵاتەكانیشدا كرد.
لەبارەی ئاهەنگەكە و دابەشكردنی خەڵاتەكان كانەبی رایگەیاند: خۆشحاڵ و بەختەوەر بووم لە نێو پۆلێک لە باشترین وەرزشوانانی شاری سلێمانی خۆشەویست بووم، بوونی ئـەم جۆرە مەڕاسیمانە ھاندانێکە بۆ پێشکەوتنی وەرزش و وەرزشوانانی کوردستان، ھیوای بەردەوامیان بۆ دەخوازم و پیرۆزباییش لە ھەموو ئـەو بەرێزانە دەکەم کە بە باشترینی سلێمانی ھەڵبژێردراون.
ئاماژەی بەوەشدا كە دەستخۆشی لە برایانی لە یەکەتیی تۆپی پێی سلێمانی دەكات بۆ رێکخستنی ئـەم بۆنە جوانە و جەختیشی كردەوە وەک سەرۆکی یەكەتیی تۆپی پێی کوردستان خۆی بە خزمەتکاری ھەموو وەرزشوانانی شاری سلێمانی و قەزا و ناحیە و لادێکانیش دەزانێ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم