لە سنووری شارەدێی "گردەسێن"، لە گوندی جونان زیادتر لە 100 ساڵە خانویەکی دوو نهۆمی کونکریتی لە بەردەم ئەشکەوتێکدا دروست کراوە و تا ئێستەیش وەکخۆی ماوە.
عەزۆ زێباری خاوەنی خانووەکە لە لێدوانێکدا بە "وشە"ی راگەیاند، نێزیکەیسەت و 30 ساڵە گوندەکەمان دروست کراوە و لە ساڵی 1900 توانیمان خانویەک لە ئەشکەوتی جونان کە گەورەترین ئەشکەوتی گوندەکەیە دروست بکەین ، سەرەتا خانوەکە لە بەرد و سەر دار و قوڕ دروستکرابو ، بەلام لە ساڵی 1970 خانوەکەمان کردە دوو نهۆم و بە کۆنکریت دروستمان کردەوەو تا ئێستەش ئەو خانووە هەیە و لە باب و باپیرانەوە بۆ ئێمە بەجێ ماوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی خانوەکە دەکەوێتە شاخ و دوورە لە خزمەتگوزاری و بازار و قوتابخانە، ناچاربوین بێینە سەر شەقامی گشتی و خانویەکی تر دروست بکەین و خانوەکەمان وەک کەلەپورێک بە دەستلێنەدراوی بەجێ هێشتوە.
بەرزی ئەو ئەشکەوتەی خانوەکەی لێ دروست کراوە 80 مەترە و درێژی 120 مەترە، پانیەکەشی دەگاتە 100 مەتر و بە دوری 5کم دەکەوێتە روژهەڵاتی شارۆکەی ئاکرێ.
وەک عەزۆ ئاماژەی پێ دەدات، گوندەکەیان ئێستە لە 22 خێزان پێکدێت و بەپێی ئەو شوێنەوار و شارستانێتی لە گوندەکە هەیە دەردەکەوێت گوندی جونان پیش ئیسلام ژیانی تایادا هەبووە و چەندان شوێنەواری مەسیحی و جولەکە و زەردەشتی تیادایە.
ئاشکراشی دەکات، ناوی گوندەکە سێ واتایی هەیە کە ئەوانیش جو + نان واتە دەخلودانی جو کراوە بە نان ، واتایەکی تر هەیە دەلێت، نانی جو واتە جولەکەکان لێرە نانیان دروستکردوە و یەکەمبوون لەوبارەدا و واتایی سێیەمیش بە مانای دەستەجوی هێرانی دەخلودان دێت ، ئەمە مانای وایە لێرە گوندێی کشتوکاڵی و شوێنی بەخێوکردنی مەر و ماڵات بوە.
لە گوندی جونان نزیکەی 42 ئەشکەوت هەیە کە بەشی هەرە زوری ئەو ئەشکەوتانە بۆ نیشتەجێبون و بەخێوکردنی مەر و ماڵات بەکاردەهێنرێن.
ئاکرێ/نەوزاد هلوری