ئارسناڵ بە خێرایی وەڵامی دایەوە

:: PM:12:16:20/03/2017 ‌

سەرۆكایەتیی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بەخێرایی هەوالێكی رۆژنامەكانی ئەڵمانیای بەدرۆ خستەوە سەبارەت بە رێككەوتنیان لەگەڵ تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی.

رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی بڵاوی كردبووەوە كە یانەی ئارسناڵ لەگەڵ تۆخێل رێككەوتوون بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە شوێنی ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی، راهێنەرایەتی تیپەكەیان بكات.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەی ئارسناڵ رەتی دەكاتەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ تۆخێل كردبێت سەبارەت بە پێدانی ئەركی راهێنەرایەتیی تیپەكەیان لە وەرزی داهاتوودا.

یانەی ئارسناڵ ئێستا لە دۆخێكی خراپدایە و لە خولی نایابی ئینگلیزیدا لە ریزی شەشەمی یانەكان دێت، لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاشدا لە قۆناغی 16 بە ئەنجامێكی گەورە لەسەر دەستی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەركرابوو.

بەهۆیەوە بەشی هەرە زۆری هاندەرانی یانەی ئارسناڵ داوای رۆیشتنی ڤینگەری راهێنەری ئێستای تیپەكەیان دەكەن كە لەگەڵ تەواوبوونی ئەم وەرزەدا گرێبەستەكەشی تەواو دەبێت.

رۆژنامە ئینگلیزییەكان دوێنێ یەكشەم ئاشكرایان كردبوو كە سەرۆكایەتیی یانەی ئارسناڵ داوای نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ڤینگەریان بۆ ماوەی 2 وەرزی تر كردبوو، لای خۆیشییەوە ئەو راهێنەرە رایگەیاندبوو كە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری یەكجارەكی دەدات كە ئایا لە یانەكە دەمێنێتەوە یان دەڕوات كە لە ساڵی 1996وە راهێنەری یانەكەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م